پەرەگراف
وەزیری پێشمەرگەی هەرێم لە وەڵامی دژایەتییەکەی محەمەد حەلبووسی سەرۆکی دوورخراوەی پەرلەمانی عێراق بۆ پڕچەککردنی پێشمەرگە دەڵێت: بازرگانی بەو قسەیەوە دەکات.
محەممەد حەلبووسی کە یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی عەرەبی سوننە، ناوەڕاستی ئەم مانگە دژایەتی تووندی ڕاگەیاند بۆ پێدانی چەکی تۆپی قورس بە هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریکاوە، ئەوەش دوای ٤٠ ڕۆژبوو لە پێدانی ئەو چەکانە بە پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە کە ڕەزامەندیی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی لەسەر بووە.
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "ئەوانەی ئەو قسانە دەکەن شارەزاییان لە مێژووی عێراق و پێشمەرگە نییەو دەیانەوێت بازرگانی بەو قسانەوە بکەن".
"پێشمەرگە لە سەردەمی ڕژێمی پیشووی عێراق بەرگری لە ئازادیخوازانی عێراق کردووە بە شیعەو سوننەوە، ڕەنگە تاکەتاکە ئەو وەفایەیان نەمابێت بەڵام خەڵکە ڕەسەنەکەی عێراق ئەوە دەزانن، پێشمەرگە هیچ کات نابێتە مەترسی بۆسەر عێراق بەڵکو پشتیوانی عێراقە" وەزیری پێشمەرگە وای وت.
لەبارەی پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو کۆکردنەوەی هێزە حیزبییەکانی پارتی و یەکێتی لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا، شۆڕش ئیسماعیل ئەوەی خستەڕوو کە پڕۆسەکە بەردەوامە، وتیشی "هاوکاری هاوپەیمانانیش بەردەوامەو کورد دەبێت خۆی لە ئاستێکدابێت ئەو هاوکارییە زیاتر بێت".
ڕۆژی ٦-٨-٢٠٢٤ ئەمەریکا لە چوارچێوەی هاوکارییە بەردەوامەکانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، چەکی قورسی ڕادەستی وەزارەتەکە کرد. کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە فەیسبوک وتی "کەلوپەلی سەربازیی گرنگمان پێشکەشی وەزارەتی پێشمەرگە کرد و ئەوەش دەرخەری قۆناغێکی گرنگی بونیادنانی توانای هێزەکانی پێشمەرگەیە. ئەم چەکانە دەبنە ئامڕاز بۆ باشترکردنی توانای گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە لە دابینکردنی ئاساییش و دڵنیاییدانە لە شکستپێهێنانی بەردەوام و درێژخایەنی داعش بە سەرکردایەتیی عێراق".
لە مەراسیمی وەرگرتنی چەکەکاندا، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە وتی "کۆمەڵێک چەکی قورس، کە پێکهاتوون لە تۆپی قورس، ڕادەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکرێت، کە بە دڵنیاییەوە توانا سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، دەگەیەنێتە ئاستێکی بەرزتر، هیوادارین لەم جۆرە چەک و هاوکارییانە بەردەوام بێت، بەتایبەتی لەم قۆناغەی ئێستا کە شەڕی تەکنەلۆجیایی سەربازییە".
وەزیری پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕوو، هێزی پێشمەرگە چاوی لەوەیە ببێتە خاوەنی چەکی تەکنەلۆجیی پێشکەوتوو، ئەوەش بە پشتیوانی و هاوکاریی بەردەوامی هاوپەیمانان، لەسەرو هەمووشیانەوە ئەمەریکا.
لەگەڵ بەردەوامیی هاوکارییەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، هاوکات چەندینجار نیگەرانییان دەربڕیوە لە سست بەڕێوەچوونی پڕۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو بەردەوامیی ململانێی حیزبیی پارتی و یەکێتی لەناو ئەو وەزارەتە.
حەوت ساڵە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا، بە پارە و راوێژ و دابینکردنی پێداویستی سەربازیی و هەماهەنگی دیكە، دەیانەوێت سوپایەكی نیشتمانی بۆ هەرێمی كوردستان پێكبهێنن لەڕێی نەهێشتنی هێزی سەر بە پارتی و یەكێتی، ئەوەش لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.