بافڵ تاڵەبانی هێرشی تووند دەکاتەسەر پارتی و دەڵێت: ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە دەڕوخێنین

29-09-2024 05:46

 

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، لە کەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدانی حیزبەکەی لە سلێمانی، هێرشی تووندی کردەسەر پارتی دیموکرات و وتی: "بە پشتیوانی خودا و خەڵک ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و بۆگەنە دەڕوخێنین".

تاڵەبانی داوای لە خەڵکی کوردستان کرد لە پێناو گۆڕانکاریدا دەنگ بە یەکێتی بدەن، وتی "هەر ئێمە ئەتوانین بیگۆڕین و حزیبەکانی تر هیچیان پێ ناکرێت، هەر ئێمە ئەتوانین بڵێین پارتی دیموكراتی كوردستان خاكفرۆش لۆ مارێ".

سەرۆکی یەکێتی باسی گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنی کرد کە بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ ئەم هەڵبژاردنە ناوی برد، "یاسای ھەڵبژاردنی پێشوو کراسێک بوو بۆ بنەماڵەیەک دورابوو، بەڵام ئێمە ئەو کراسەمان دڕاندمان".

بافڵ تاڵەبانی جەختی لە یەکڕیزی و یەکبڕیاری ناوخۆی حیزبەکەی کردەوەو وتی "پارتی تووشی ڤایرۆسەکەی ئێمە بووە، شەڕی ناوخۆیی نێوان ئامۆزاکانیان هەیەو نازانن چۆن چارەسەری بکەن".

ڕۆژی 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، هەڵبژاردنەکە دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوەبچێت، سەرباری و ‏فشاری ناوخۆیی و ‏دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای ‏هەڵبژاردن ‏بە تایبەت پارتی و یەکێتی لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدراو پەرلەمان ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە دواتر دادگای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەکەی بە "نادەستووریی" لە قەڵەم داو پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوەو هەرێم کەوتە بۆشایی دەسەڵاتی یاسادانان و حکومەت بوو بە کاربەڕێکەر.

پەرلەمانی کوردستان لە ١٠٠ کورسیی پێکدێت و پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان تەرخان کراوە، هەڵبژاردنەکە بە سیستەمی چوار بازنەیی بەڕێوەدەچێت.

پێنج كورسییەکەی پێكهاتەكان بەسەر ‏سێ‌ پارێزگادا دابەش كراون، سێ‌ كورسی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك بۆ ‏پێكهاتەی مەسیحی تەرخان كراوە، دوو كورسیش لە هەولێر و سلێمانی بۆ ‏پێكهاتەی توركمان.‏

كورسییەكانی پەرلەمان بەم جۆرە دابەش ‏كراون بەسەر پارێزگاکاندا؛ پارێزگای هەولێر 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، ‏پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای ‏دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش ‏سێ‌ كورسی.

هەڵبژاردنەکە تا ئێستا چوار جار دواخراوە، سەرەتا سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ‏‏١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەكراو سەرەڕای ‏سێ جاری دیكەش ‏دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە (١٨-١١-٢٠٢٣ و ٢٥-٢-٢٠٢٤ و 10-6-2024) بەڵام لەو سێ ڕێکەوتەشدا نەکرا.

‏لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، ‏هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە ‏نەچووە.