لە هەڵەبجە ٥٤ کاندید لە کێبڕکێیەکی توونددان بۆ ٣ کورسی پەرلەمان

29-09-2024 09:35

پەرەگراف

لە بازنەی هەڵەبجە ٥٤ کاندید کێبڕکێ لەسەر ٣ کورسی پەرلەمانی کوردستان دەکەن کە یەکێکیان بۆ کۆتای ژنانە.

لەو کاندیدانە ٤٤یان کاندیدی حیزبەکانن و ٩یان لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی و یەک کاندیدی سەربەخۆیش هەیە.

هەرلە بازنەی هەڵەبجە، ٦٠ هەزارو ٢٥٢ دەنگدەر هەیە کە ٥٩ هەزارو ٣٠٠یان دەنگدەری گشتی و ٩٥٢یان دەنگدەری تایبەتن.

هەڵەبجە بچوکترین بازنەی هەڵبژاردنە بەراورد بە سێ بازنەکەی دیکەی هەرێمی کوردستان و کێبڕکێی هەڵبژاردن گەرمتر و بەدەستهێنانی کورسی لەو بازنەیە سەختترە بەراورد بە بازنەکانی دیکە.

لە سەرتاسەری هەرێم دوو ملیۆن و ٨٩٨ هەزارو ٥٧٨ دەنگدەر لە ٢٠ی ئۆکتۆبەردا مافی دەنگدانیان هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کوردستان.

خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان لانیکەم ٣٠ کورسی بۆ ژنان تەرخانکراوە بە کۆتا، لەگەڵ پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان؛ مەسیحی ٣ کورسی و تورکمان ٢ کورسی.

هەڵبژاردنەکە بە سیستەمی چوار بازنەیی بەڕێوەدەچێت، پێنج كورسییەکەی پێكهاتەكان بەسەر ‏سێ‌ پارێزگادا دابەش كراون، سێ‌ كورسی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك بۆ ‏پێكهاتەی مەسیحی تەرخان كراوە، دوو كورسیش لە هەولێر و سلێمانی بۆ ‏پێكهاتەی توركمان.‏

كورسییەكانی پەرلەمان بەم جۆرە دابەش ‏كراون بەسەر پارێزگاکاندا؛ پارێزگای هەولێر 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، ‏پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای ‏دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش ‏سێ‌ كورسی.