زیاتر لە ٢٠٠ کاندید لە دهۆک لە کێبڕکێدان بۆ ٢٥ کورسی

28-09-2024 01:05
بانگەشەی هەڵبژاردن لە دهۆک. وێنە؛ عەممار عەزیز- پەرەگراف

پەرەگراف

لە بازنەی دهۆک ٢٢٦ کەس خۆیان کاندید کردووە بۆ هەڵبژاردنی ٢٠ی ئۆکتۆبەری پەرلەمانی کوردستان، ٢١٨یان کاندیدی گشتین و کێبڕکێ لەسەر ٢٤ کورسی پەرلەمان دەکەن، ١٧٧ لەو کاندیدانە کاندیدی حیزبەکانن و ١٩یان کاندیدی هاوپەیمانێتی و ٢٢یان بە سەربەخۆ خۆیان کاندید کردووە.

هەروەها ٨ کاندیدی کۆتای مەسیحیش کێبڕکێ لەسەر ئەو تاکە کورسییە دەکەن کە بۆ ئەو پێکهاتەیە تەرخانکراوە لەو بازنەیە.

هەرلە بازنەی دهۆک، ٧٢٣ هەزارو ٧٤٧ کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە ٦٨٢ هەزارو ٧٩١یان دەنگدەری گشتی و ٤٠ هەزارو ٩٥٦یان دەنگدەری تایبەتن.

لە سەرتاسەری هەرێم دوو ملیۆن و ٨٩٨ هەزارو ٥٧٨ دەنگدەر لە ٢٠ی ئۆکتۆبەردا مافی دەنگدانیان هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کوردستان.

خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان لانیکەم ٣٠ کورسی بۆ ژنان تەرخانکراوە بە کۆتا، لەگەڵ پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان؛ مەسیحی ٣ کورسی و تورکمان ٢ کورسی.

هەڵبژاردنەکە بە سیستەمی چوار بازنەیی بەڕێوەدەچێت، پێنج كورسییەکەی پێكهاتەكان بەسەر ‏سێ‌ پارێزگادا دابەش كراون، سێ‌ كورسی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك بۆ ‏پێكهاتەی مەسیحی تەرخان كراوە، دوو كورسیش لە هەولێر و سلێمانی بۆ ‏پێكهاتەی توركمان.‏

كورسییەكانی پەرلەمان بەم جۆرە دابەش ‏كراون بەسەر پارێزگاکاندا؛ پارێزگای هەولێر 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، ‏پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای ‏دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش ‏سێ‌ كورسی.