چیا نەوشیروان مستەفا دەرگای سەرەکی گردی زەرگەتەی بە کۆنکرێت داخست

27-09-2024 11:37

پەرەگراف

چیا نەوشیروان مستەفا دەرگای سەرەکی گردی زەرگەتە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانی بە کۆنکرێت داخست، ڕێگەنادات مەراسیمی دەستبەکاربوونی دانا ئەحمەد مەجید لە شوێنی عومەر سەید عەلی ئەنجام بدرێت.

بڕیاربوو مەراسیمەکە سبەینێ لە هۆڵێکی گردەکە ئەنجام بدرێت و تێیدا ڕێزلێنان بۆ عومەر سەید عەلی بکرێت و دانا ئەحمەد مەجید وەک بریکار کارەکانی ناوبراو ڕایی بکات.

سەرچاوەیەک لە بزووتنەوەی گۆڕان بە پەرەگرافی وت "هیچ گرژیی و ئاڵۆزییەک دروست نەبووە، تەنها دەرگای گردەکە بەربەست کراوەو پێدەچێت لە شوێنێکی دیکە مەراسیمەکە ئەنجام بدرێت".

دواخستنی هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێكخەری گشتی و دانانی دانا ئەحمەد مەجید بە ڕێكخەری بزووتنەوەكە بە وەكالەت، كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕانی قووڵتر كرد. ئەمڕۆ دوو ئاراستەكەی گۆڕان بە جیا كۆبوونەوەیان ئەنجام دا و ئاراستەی عومەر سەیدعەلی، دانا ئەحمەد مەجیدی بە ڕێكخەر ناساند، بەڵام ئاراستەی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا ڕەتی دەكەنەوە و داوا دەكەن "بەزوویی و بەپێی دەستووری ناوخۆی گۆڕان، ڕێكخەر و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن هەڵببژێردرێن".

ناكۆكییەكانی ناوخۆی گۆڕان لە كاتێكدایە كە كەمتر لە مانگێك ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان. دوو ئاراستەكەی گۆڕان بۆچوونی جیاوازیان لەبارەی بەشداریكردنی گۆڕان لە هەڵبژاردنەكەدا هەیە.

ئاراستەی كوڕانی نەوشیروان مستەفا دەڵێن "جڤاتی نیشتمانیی نوێ بڕیار لەسەر بەشداریكردن یان نەكردنی گۆڕان لە هەڵبژاردن دەدات". بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف، ئاراستەی عومەر سەیدعەلی كە پاڵپشتیی دانا ئەحمەد مەجید دەکەن بۆ بوونی بە ڕێكخەری گشتی، هاوكات دەیانەوێت گۆڕان بەشداری لە هەڵبژاردن بكات و دانا ئەحمەد مەجیدیشیان ڕازی كردووە. هەروەها كاندیدەكانیان ئامادەكارییان بۆ بانگەشە كردووە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە پەرەگرافی وت "ئاراستەی كوڕانی نەوشیروان مستەفا كە زۆرینەن لەناو باژێڕوانەكان، داوا دەكەن ڕێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن لەلایەن جڤاتی نیشتمانیی نوێوە هەڵبژێردرێت و ئەندامانی ژوورەكانی گۆڕان كە نوێ‌ نەكراونەتەوە، بەشدار نەبن لە جڤاتی نیشتمانی".

جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان لە باژێڕوانەكان و ڕێكخەری ژوورەكان پێك دێت. بزووتنەوەی گۆڕان لە چوارچێوەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی، لە ماوەی ڕابردوودا باژێڕوانەكانی هەڵبژارد، كە زۆرینەیان سەر بە ئاراستەی كوڕانی نەشیروان مستەفان، بەڵام ڕێكخەری نوێی ژوورەكانی گۆڕان هێشتا هەڵنەبژێردراون، كە ڕێكخەرەكانی ئێستا زۆرینەیان سەر بە ئاراستەی عومەری سەیدعەلین.

ئەمڕۆ 21-9-2024، كۆبوونەوەیەك لە ماڵی دانا ئەحمەد مەجید لە سلێمانی بەڕێوە چوو، كە تێیدا بەشێك لە باژێڕوان و هەڵسوڕاوانی گۆڕان بەشدار بوون. ڕۆڤان سەروەت، باژێڕوانی مەكۆی كفریی بزووتنەوەی گۆڕان، وێنەی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ دانا ئەحمەد مەجید بڵاو كردووەتەوە و بە "ڕێكخەری نوێی گۆڕان" ناوی هێناوە.

هەر ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی "نائاسایی" زۆرینەی باژێڕوانە نوێیەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لە مەكۆی سەرەكیی گۆڕان لە سلێمانی بەڕێوە چوو. بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، ئەو باژێڕوانانە بەبێ‌ ناوهێنان، دانانی دانا ئەحمەد مەجید بە ڕێكخەری گۆڕان ڕەت دەكەنەوە.

‎دانا ئەحمەد مەجید، یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی سلێمانی و پێشتر پارێزگاری سلێمانی بوو، ماوەی 10 ساڵە لە ئەورووپایە و ماوەیەک لەمەوبەر گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان.

بەهۆی ئەنجامنەدانی کۆنگرەی گشتیی گۆڕان کە مەرجی کۆمیسیۆنە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن، عومەر سەید عەلی، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕۆژی 19-9-2024 بریکارنامەی گشتیی بە زیاتر لە 100 دەسەڵاتەوە بۆ دانا ئەحمەد مەجید کردەوە و دەسەڵاتەکانی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە پێ سپارد، ئەمەش ناڕەزایەتیی ئاراستەیەکی گۆڕانی بەدوادا هاتووە.

ئاراستەی كوڕانی نەوشیروان مستەفا لەناو باژێڕوانەكانی گۆڕان، دوای كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆیان جەخت دەكەنەوە كە "دەستووری ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان بنەمای كاری یاسایی و ڕێكخراوەییمانە و پێشێلكردنی ڕەت دەكەینەوە، هەموو ڕێكارێكی یاسایی و سیاسی دەگرینەبەر بۆ جێبەجێكردنی دەستوور".

‎هەروەها ڕایدەگەیەنن "پاڵپشت بە بڕیاری دووەمین كۆنفرنسی نیشتمانی و دەستووری ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان، پێویستە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی گۆڕان بە زووترین كات تەواو بكرێ، هەڵبژاردنی خانە و ڕێكخەر لە یەك كاتدا و بە یەك پاكێج ئەنجام بدرێ، هەر كەسێك بە دانان یان پێشێلكردنی دەستور بۆ هەر كار و ئەركێك دانرابێ، یان دابندرێ، جڤاتی نیشتمانی ڕەتی دەكاتەوە".

‎لە كۆبوونەوەكەی باژێڕوانەكانی گۆڕان، "ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان ڕاسپێردرا بە دیاریكردنی ڕۆژێك بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێكخەری گشتی".

‎باژێڕوانەكانی گۆڕان كە سەر بە ئاڕاستەی كوڕانی نەوشیروان مستەفان، ڕایدەگەیەنن "دوای هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێكخەری گشتی، جڤاتی نیشتمانیی نوێ بڕیاری پێویست دەدات بە بەشداریكردن یان نەكردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بڕیاری كۆتایی لەوبارەیەوە دەدرێت".

ئاراستەی كوڕانی نەوشیروان مستەفا كە دژی بەشداریكردنی گۆڕانن لە هەڵبژاردن، بەتایبەت دوای شكستەكەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە گۆڕان هیچ كورسییەكی بەدەست نەهێنا، لە هەوڵدان بۆ هەڵبژاردنی ڕێكخەر و ئەندامانی نوێی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان و دواتریش كاركردن بۆ ئەوەی كە سەركردایەتیی نوێی گۆڕان بڕیاری بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردن بدات.

پێشتر ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕۆژی 7-9-2024ـی بۆ هەڵبژاردنی ڕێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن دیاری كرد، بەڵام بەهۆی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی گۆڕانەوە، هەڵبژاردنەكە ئەنجام نەدرا.