پەرەگراف
لە بازنەی هەولێر ٣٩٥ کەس خۆیان کاندید کردووە بۆ هەڵبژاردنی ٢٠ی ئۆکتۆبەری پەرلەمانی کوردستان، ٣٧٤یان کاندیدی گشتین و کێبڕکێ لەسەر ٣٢ کورسی پەرلەمان دەکەن، ٣٠٥ لەو کاندیدانە کاندیدی حیزبەکانن و ٤٠یان کاندیدی هاوپەیمانێتی و ٢٩یان سەربەخۆن.
هەروەها ٢١ کاندیدی کۆتاش کە ١٤یان تورکمان و ٧یان مەسیحین کێبڕکێ لەسەر ئەو دوو کورسییە دەکەن کە بۆ ئەو دوو پێکهاتەیە تەرخانکراوە لەو بازنەیە.
هەرلە بازنەی هەولێر، یەک ملیۆن و ٢٢ هەزارو ٩٠٦ کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە ٩٣٣ هەزارو ١١٥یان دەنگدەری گشتی و ٨٩ هەزارو ٧٩١یان دەنگدەری تایبەتن.

لە سەرتاسەری هەرێم دوو ملیۆن و ٨٩٨ هەزارو ٥٧٨ دەنگدەر لە ٢٠ی ئۆکتۆبەردا مافی دەنگدانیان هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کوردستان.
خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان لانیکەم ٣٠ کورسی بۆ ژنان تەرخانکراوە بە کۆتا، لەگەڵ پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان؛ مەسیحی ٣ کورسی و تورکمان ٢ کورسی.
هەڵبژاردنەکە بە سیستەمی چوار بازنەیی بەڕێوەدەچێت، پێنج كورسییەکەی پێكهاتەكان بەسەر سێ پارێزگادا دابەش كراون، سێ كورسی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك بۆ پێكهاتەی مەسیحی تەرخان كراوە، دوو كورسیش لە هەولێر و سلێمانی بۆ پێكهاتەی توركمان.
كورسییەكانی پەرلەمان بەم جۆرە دابەش كراون بەسەر پارێزگاکاندا؛ پارێزگای هەولێر 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش سێ كورسی.