پەرەگراف
بە وتارێکی مەسعود بارزانی، پارتی بە فەرمی لە هەولێرەوە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دەستپێکردو دەڵێت، "سەرکەوتنی گەورە" بەدەست دەهێنن.
بارزانی لە وتاری دەستپێکردنی بانگەشەی حیزبەکەی، داوای بەشدارییەکی فراوانی ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکەیی کرد لە هەڵبژاردنی ٢٠ی ئۆکتۆبەرو داوای لێکردن، خۆیان بە دوور بگرن لە توندوتیژی و زمانی زبر لە هەڵبژاردنەکەدا.
"خۆمان ئامادە دەکەین بۆ ٢٠ی ئۆکتۆبەرو سەرکەوتنی گەورە بەدەست دەهێنین.. ڕاتان نەکێشن بۆ شەڕی لابەلا، سەنگی خۆتان و پارتەکەتان بپارێزن" بارزانی وای وت.
سەرۆکی پارتی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا وتی "ئومێدەوارم پەرلەمانی داهاتوو پەرلەمانێک بێت هەیبەت و پیرۆزیی بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و ببێتە قەڵغانێک بۆ هەرێم و هەرچی پلانی تێکدانی هەرێمە نەیهێڵێت".
"دوای ٢٠ی ئۆکتۆبەر یەک هەرێم، یەک حکومەت، یەک پەرلەمان و یەک هێزی پێشمەرگەو کۆتاییهێنان بە هەرچی کاری نایاساییە" بارزانی وای وت.
سەرۆکی پارتی بەڵێنی چاکسازییدا لە دوای هەڵبژاردن و وتی "بەڵێنتان پێدەدەم دوای هەڵبژاردن هەوڵدەدەین چاکسازیی لەناو خۆمان بکەین دواتر داوای چاکسازیی لە خەڵکی دیکە بیکەن"، وتیشی "بڕۆن بۆ سندوقی دەنگدان و لەبیرتان نەچێت خۆتان نەچەمێنن".
ئەمڕۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێکردو تا ١٥-١٠ بەردەوام دەبێت.
دوو ملیۆن و ٨٩٨ هەزارو ٥٧٨ دەنگدەر لە ٢٠ی ئۆکتۆبەردا مافی دەنگدانیان هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کوردستان.
خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان لانیکەم ٣٠ کورسی بۆ ژنان تەرخانکراوە بە کۆتا، لەگەڵ پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان؛ مەسیحی ٣ کورسی و تورکمان ٢ کورسی.
هەڵبژاردنەکە بە سیستەمی چوار بازنەیی بەڕێوەدەچێت، پێنج كورسییەکەی پێكهاتەكان بەسەر سێ پارێزگادا دابەش كراون، سێ كورسی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك بۆ پێكهاتەی مەسیحی تەرخان كراوە، دوو كورسیش لە هەولێر و سلێمانی بۆ پێكهاتەی توركمان.
كورسییەكانی پەرلەمان بەم جۆرە دابەش كراون بەسەر پارێزگاکاندا؛ پارێزگای هەولێر 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش سێ كورسی.