پەرەگراف
دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، خۆپیشاندانەكەی سبەینێی دواخست و مامۆستایانش سەرپشك دەكات لە نێوان دەستپێكردنی دەوام یان بایكۆتدا. بەڵام ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی داوای "بایكۆت"ـی دەوام تا پێدانی دوو مووچە دەكات.
دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمشەو لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕەخنەی لە ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی گرت و وتی "بەبێ هەماهەنگی و پرسكردنی پێشوەختە بە دەستەی داكۆكی، گرووپێكی مامۆستایان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان ئەنجام دا كە بە ناڕاستەخۆ لێدان بوو لە نیازی دەستەی داكۆكی بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان".
دەستەی داكۆكی جەخت دەكاتەوە كە بەردەوام دەبێت لە سەردانەكانی بۆ بەغداد لەپێناو "چارەسەری كێشەی مووچە و بەبانكیكردن و دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە".
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا داوای لە مامۆستایان كرد "تا وەرگرتنی مووچەی مانگەكانی هەشت و نۆ، بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن ڕابگەیەنن".
ئەنجوومەنەكە ڕایشیگەیاند "لەپێناو جێبەجێكردنی تەوتین و دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە، لە هەوڵەكانمان بە ئاراستەی بەغدای پایتەخت بەردەوام دەبین تا ئاستی تۆماركردنی سكاڵا و بردنە بەغدای خۆپیشاندانەكان".
هەڵوێستی ئەم دوو گرووپەی نوێنەری مامۆستایان و فەرمانبەران لە كاتێكدایە كە بڕیارە سبەی 25-9-2024، پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەست پێ بكات.