ئەندامێکی شاندی عێراق لە نیویۆرک: ئەمەریکا داوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەکات
پەرەگراف
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەی شاندی عێراق بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سوودانی بوو لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە نیویۆرک، ئەمەریکا داوا دەکات بەربەستەکانی بەردەم هەناردەی نەوت لاببرێن و تاکۆتایی ئەمساڵ هەناردەی نەوت دەست پێ بکاتەوە.
کۆبوونەوەکە ٢٣-٩ ئەنجام درا، دیلان غەفور سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق کە بەشداربوو لە کۆبوونەوەکە بە پەرەگرافی وت، لایەنەی ئەمەریکی خوازیاری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمن، "بلینکن داوایکرد کێشەکانی بەردەم هەناردەی نەوت چارەسەر بکرێن و تا کۆتایی ئەمساڵ هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە".
لە بەرامبەردا محەمەد شیاع سوودانی، خواستی عێراقی پیشانداوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و کێشەکانی بەردەم ئەو پڕۆسەیەی خستووەتەڕوو، دیلان غەفور وتی "سەرۆکوەزیران ئەوەی خستەڕوو کە دوو کێشە هەیە، لەلایەک کۆمپانیا نەوتییەکان داوای قەرزە کۆنەکانیان دەکەن کە لەسەر هەرێمی کوردستانەو عێراق ناتوانێت بیانداتەوە، دووەمیش پێویستە گرێبەستە نەوتییەکان هەموار بکرێنەوە، حکومەتی هەرێم بەمە ڕازییە، بەڵام کۆمپانیاکان ڕازی نین".
بەشێکی دیکە لە کۆبوونەوەی شاندی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پرسی سەربەخۆیی وزەی عێراق بووە تاوەکو پێویستی بە کڕینی کارەبا لە ئێران نەبێت.
دیلان غەفور دەڵێت، بلینکن داوایکرد عێراق هەموو توانای خۆی بخاتەگەڕە تاوەکو پشت بە ئێران نەبەستێت بۆ کڕینی کارەبا و وتی "ڕەنگە نەتوانین بەردەوام بین لە نوێکردنەوەی لێخۆشبوون بۆ عێراق لە کڕینی کارەبای ئێران".
محەمەد شیاع سوودانیش باسی هەوڵەکانی عێراقی کردووە لەو ڕووەوە، ئاماژەی بەوەکردووە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکی و بیانییەکان کاری جددی دەکەن تا سەربەخۆیی وزە بەدەست بهێنن.
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنەی ئەمەریکی گرنگ و بە بایەخ بوون بۆ هەردوولا و نەخشەی داهاتووی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا.
شاندی عێراق بە مەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەى داهاتوو لە نیویۆرکە کە لە پەراوێزى 79ـەمین کۆبوونەوەکانى کۆمەڵەى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام دەدرێت و تا 28ـى ئەیلول بەردەوام دەبێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوێنێ لە لووتکەکەدا وتارێکی پێشکەش کردو تیشکی خستەسەر هەوڵەکانی کابینەکەی بۆ گەشەپێدان و چاکسازیی بەتایبەت لە بواری ئابوریدا.