پەرەگراف
شاندێكی حكومەتی هەرێم لە بەغدایە و لیستی مووچەی دوو مانگی ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ كرد. وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی هەشت "كورتهێنان"ـی هەیە و بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت.
ئەمڕۆ 23-9-2024، تیمێكی تەكنیكیی وزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لە بەغداد دەستیان بە كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی فیدراڵ كرد، بۆ چارەسەری كێشەكانی بەردەم مووچە.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە میدیای نزیك لە سەرۆكی حكومەتی ڕاگەیاند "تیمەكە لیستی مووچەی مانگەكانی ئاب و ئەیلوولیان لەگەڵ خۆیان بردووە". بەپێی زانیارییەكانی پەرەگرافیش، لیستی مووچەی ئەو دوو مانگە ئەمڕۆ ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ كراوە.
هەروەها پێشەوا هەورامانی دەڵێت "تیمەكە میزانیەی مراجەعە و داویین ئاپدەیتی بایۆمەتری و وەڵامی هەموو پرسیارەكانی وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراقیان لەگەڵ خۆیان بردووە"،
وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مووچەی مانگی هەشت و تەواوكاریی مووچەی مانگی حەوت، پێشتر 183 ملیار دینار و دوێنێش 572 ملیار دیناری بۆ هەرێم ناردووە، كە كۆی گشتی دەكاتە 755 ملیار دینار.
هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند "ئەو پارەیەی وەزارەتی دارای فیدراڵ بۆ تەواوكاریی مووچەی مانگەكانی حەوت و هەشت ناردوویەتی، 243 ملیار دینار كورتهێنانی هەیە".
وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی هەشت چاوەڕێی ناردنی ئەو كورتهێنانەیە لەلایەن بەغداوە و هێشتا وادەی دەستپێكردنی دابەشكردنی مووچە دیار نییە.
وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەڵێت "ئەو تیمەی وەزارەتی داردایی هەرێم كە ئێستا لە بەغدایە، بەدواداچوونیش بۆ كورتهێنانی پارەی مووچەی مانگی ئاب دەكات كە بڕەكەی زیاتر لە 240 ملیار دینارە".
تیمەكەی وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی هۆكاری نەناردنی ئەو 243 ملیار دینارە پرسیار ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق دەكات و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكە دەدات.
ئەگەر تا كۆتایی ئەم هەفتەیە وەزارەتی دارایی عێراق تەواوكاریی مووچەی مانگی هەشت بۆ هەرێمی كوردستان نەنێرێت، وەزارەتی دارایی هەرێم ناچارە بە داهاتی ناوخۆ كورتهێنانەكە پڕ بكاتەوە و هەفتەی داهاتوو مووچە دابەش بكات.