572 ملیار دینار لە بەغداوە گەیشت بۆ مووچە

22-09-2024 09:10

 پەرەگراف

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە پەرەگرافی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ نزیکەی 572 ملیار دینار "تەواوکەری مووچەی هەردوو مانگی حەوت و هەشت"، خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێم لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

مانگی رابردوو عێراق تریلیۆنێک و 183 ملیار دیناری بۆ هەرێم نارد کە 307 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی حەوت و ئەوەی دیکە بۆ مووچەی مانگی هەشت بوو، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێم تەنها مووچەی مانگی حەوتی پێ دابەش کرد بەوپێیەی بەشی مووچەی دوو مانگی نەدەکردو نزیکەی ٦١٨ ملیار دینار کورتهێنانی هەبوو.

بڕیارە بەم نزیکانە تەواوی پارەی مووچەی تەواوکەری مانگی هەشت بۆ هەرێم ڕەوانە بکرێت و دەست بە دابەشکردنی بکرێت.

هەرلەسەر پرسی مووچەو هاوتاکردنی مووچەی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ هێزەکانی عێراق، ئەمڕۆ شاندێک لە بەغداوە سەردانی هەولێر دەکات، بڕیاریشە سبەی شاندێکی باڵا لە هەرێمەوە بچێتە بەغداد.

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، بڕی 91 ملیارو 151 ملیۆن و 784 هەزار دینار وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٤، خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە نزیکەی یەک ملیۆنن بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق مووچەکانیان لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵییە لە بەرامبەر چەند مەرج و پابەندییەک لەسەر هەرێم، بەڵام بەهۆی کێشە لە لیستی مووچەو ناکۆکییەکانی نێوان هەولێرو بەغداد، مووچەی هەرێم تووشی گرفت دەبێت و هێشتا مووچەی مانگی ٨ دابەش نەکراوە.