یەکێتی و بزووتنەوەی بابلیون 'هاریکاری و هاوبەشیی' دەکەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
پەرەگراف
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە سلێمانی لەگەڵ رەیان كلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون کۆبووەوە، هەردوولا 'هاریکاری و هاوبەشیی' دەکەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە یەکەمجارە بزووتنەوەکەی کلدانی بەشداری دەکات لە هەڵبژاردنی هەرێم.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بافڵ تاڵەبانی، لە دیدارەکەدا دۆخی سیاسیی عیراق، بەردەوامیی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیری و جێبەجێکردنی بەرنامەی خزمەتگوزاری گفتوگۆیان لەبارەوەکراوە.
"پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان تەوەرێکیتری دیدارەکە بوو، هەردوولا جەختیان لە هاریکاری و هاوبەشیی نێوان یەکێتی و بزووتنەوەی بابلیون کرد کە یەکەمجارە بزووتنەوەکە بەشداریی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دەکات. لەو رووەشەوە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی هەوڵەکانی یەکێتی لەپێناو سەرخستنی پرۆسەکە بەشێوەیەکی بێگەردانە خستەڕوو و ئاماژەی بەوەکرد، هەموو هەوڵێکمان لەپێناو خزمەتی خەڵک و چەسپاندنی دادپەروەرییە، بۆ نەهێشتنی سزادانی سیاسی و جیاکارییە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریدا" ڕاگەیەندراوەکەی بافڵ تاڵەبانی وادەڵێت.
لە چوارچێوەی 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان، ٥ کورسی بە کۆتا بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە؛ لە سلێمانى کورسییەک بۆ تورکمان و کورسییەک بۆ کریستیان، لە هەولێر کورسییەک بۆ تورکمان و کورسییەک بۆ کریستیان هەروەها لە دهۆک کورسییەکی کریستیان بۆ ئەرمەنەکان.
ڕەیان کلدانی لە سلێمانی و دهۆک کاندیدی هەیەو چاوی لە بردنەوەی کورسی پێکهاتەی کریستیانە لەو دوو بازنەیەی هەڵبژاردن.