مەسرور بارزانی: زیانی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت زیاتر لە 19 ملیار دۆلارە

21-09-2024 12:13

پەرەگراف

مەسرور بارزانی، ئاشکرای دەکات، ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم زیانەکەی زیاتر لە 19 ملیار دۆلارەو حکومەتی عێراق هیچ ئامادەییەکی پیشان نەداوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانەی بەر هەرێم کەوتووە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبیە، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان لە ڕووی داراییەوە لە هەموو بەشەکانی دیکەی عێراق زیاتر پابەند بووە بە بەغداوە، لەگەڵ ئەوەشدا پشکی دادپەروەرانەی خۆی لە بودجە وەرنەگرتووە.

سەبارەت بە تۆمەتەکانی بەقاچاخبردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی داوای "خستنەڕووی بەڵگەی ڕاستەقینە" دەکات بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتە.

هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و کەرکوک لە 25ی ئازاری 2023 وەستا، ئەوەش بە بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق لە دژی تورکیا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم جارێکی دیکە داوا دەکات کێشەکان بە دەستوور چارەسەر بکرێن کە کورد بەشداربووە لە نووسینەوەیدا، ئاماژە بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێرو بەغداد دەکات لەسەردەمی کابینەی محەمەد شیاع سوودانی، هەرچەندە هێشتا بە شێک لە کێشە بنچینەییەکان چارەسەر نەکراون و ئاڵنگارییەکان ماون لەوانەش؛ لەسەر پرسی ناسنامەی کورد، خاک، نەوت و داهات و بودجە.

سەبارەت بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، مەسرور بارزانی دووپاتی دەکاتەوە کە هەرێم هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان پتەوتر بکات، جارێکی دیکەش دەنگۆی هەبوونی بنکەی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان ڕەتدەکاتەوە. هەروەها گەشبینی خۆی دەربڕی کە سەردانەکەی ئەمدواییەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ عێراق و هەرێم دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و تاران.