پەرەگراف
مەسروور بارزانی دەڵێت "لە هەوڵەكانمان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بەردەوامین بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، بە جۆرێك كە گرووپە چەكدارە بیانییەكان و میلیشیاكان لە شنگال نەمێنن و بەڕێوەبردنی شنگال بكەوێتەوە دەستی خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكە".
مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ 21-9-2024، لە كاتی دانانی بەردی بناغەی ڕێگەی جووتسایدی شێخان- لالش كە بە گوژمەی 26 ملیار و 484 ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێت، وتیشی "تەنیا جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال ڕێگە خۆش دەكات بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان".
ڕۆژی 3-8-2014، ڕێكخراوی داعش پەلاماری شنگالی دا و لە ماوەیەكی زۆر كەمدا هێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە پارتی كە لەناو شنگال بوون، پاشەكشەیان كرد و داعش دەستی بەسەر قەزاكەدا گرت، بەهۆیەوە ئێزیدییەكان ئاوارە بوون، هەزارانیان لێ کۆمەڵکوژ کرا و هەزاران ژن و منداڵیشیان لەلایەن داعشەوە ڕفێندران.
ڕۆژی 9-10-2020، حكوومەتی فیدراڵیی عێراق و حكوومەتی هەرێم، ڕێككەوتنێكیان بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال و گەڕانەوەی دانیشتووانەكەی واژوو كرد. بەپێی ڕێككەوتنەكە، دەبێت یەكینەكانی پاراستنی شنگال بچێتە دەرەوەی قەزاكە و ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموكراتی شنگالیش هەڵبوەشێتەوە.
لای خۆیشیەوە لە كاردانەوەیەكی خێرادا، ئەنجوومەنی خۆبەڕێوبەریی دیموكراتی شەنگال (مەخەدەشە)، ڕایگەیاند "هیچ گۆڕانكارییەك كەتێیدا نەبین، قبووڵی ناكەین".
ئەنجوومەنەكە پێی وایە كە ئەم ڕێككەوتنە "بەبێ وەرگرتنی ڕای ئێزدیان و پێكهاتەكان و خەڵكی شەنگال" واژوو كراوە. جەختیش دەكاتەوە"هیچ گفتوگۆ، چارەسەری و پرۆژەیەك بۆ شەنگال بێ ئەوەی ڕای ئێزدیانی تێدا بە بنەما بگیرێت، بێ ئەنجام دەبێت".
جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە ڕاجیایی لە ناو لایەنە عێراقییەکانیشدا دروست کردووە، ڕۆژى ٦-٣-٢٠٢٤، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، لە میانی دیداری ڕافیدەیندا وتى "بە بۆچوونی من ڕێككەوتنى شنگال ناتوانرێت جێبەجێ بكرێت، لەبەر ئەوەی لەسەر بناغەی بابەتی بنیات نەنراوە، چارەسەری ڕاستی كێشەكانی دانیشتووانی شەنگال بە شێوەیەكی گشتی و ئێزیدییەكان بە تایبەتی ناكات".
خەزعەلی پێی وایە ڕێككەوتنەكە "ڕەنگدانەوەی بارودۆخی بابەتیی كێشەی شەنگال نەبووە" و دەڵێت "دوای تێپەڕبوونی نزیكەی سێ ساڵ بەسەریدا، وای دەبینین كە بەڵگەكان سەلماندویانە ناتوانرێت جێبەجێ بكرێت".
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق جەخت دەكاتەوە كە "دۆخی شنگال پێویستی بە ڕێككەوتنێكی نوێ یان هەمواركردنەوەی ئەو ڕێككەوتنە هەیە".
• دەقی ڕێككەوتنی شنگال
حكوومەتی فیدڕالی و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئەم خاڵانە رێككەوتن:
١- تەوەری كارگێڕی:
- دیاریكردنی قایمقامێكی نوێ بۆ شنگال كە سەربەخۆ و پیشەیی و ئەستۆپاك بێت و بە گوێرەی ڕێككارە دەستووری و یاساییەكان پەسندكراو بێت.
- لەلایەن لیژنەیەكی ھاوبەش كە لە ھەردوولاوە پێك دەھێنرێت، دوای دیاریكردنی قایمقام، چاو بە پێگە كارگێڕییەكانی دیكەدا دەخشێنرێتەوە. لە پڕكردنەوەی پۆستەكاندا ڕەچاوی بنەما پیشەیی و یاساییەكان دەكرێت.
٢- تەوەری ئەمنی:
- تەنیا پۆلیسی ناوچەكە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتیی ئاسایشی ناو شارۆچكەكە لە ئەستۆ دەگرن، ھەموو ڕێكخراوە چەكدارییەكانی دیكە بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچكەی شنگال دوور دەخرێنەوە.
- بەھێزكردنی ئاسایشى قەزاكە لە ڕێگەی دامەزراندنی دوو ھەزار و 500 كەس لە ھێزی ئاسایشی ناوخۆ و لایەنی ئەمنى كە لەو ھێزەدا دەستەبەریی دادپەروەرانە دەكرێت بۆ بەشداریپێكردنی ئاوارەی كەمپەكان لە خەڵكی شارۆچكەكە.
- كۆتاییھێنان بە بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە شارۆچكەی شنگال و ناوچەكانی دەوروبەریدا. نابێت پەكەكە و ئەوانەی سەر بەون، ھیچ رۆڵێكیان لە ناوچەكەدا ھەبێت.
٣- تەوەری ئاوەدانكردنەوە:
پێكھێنانی لیژنەیەكی ھاوبەش لە حكوومەتی فیدڕالی و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارۆچكەكە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئیدارەی خۆجێی لە پارێزگای نەینەوا. ئاست و وردەكارییەكانی ئەركەكەی لەلایەن سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستانەوە دیاری دەكرێت.
٤. بە مەبەستی چاودێریكردنی ئەوەی لە تەوەری كارگێڕی و ئەمنیدا ھاتووە، لیژنەیەكی مەیدانیی ھاوبەش لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی ھەردوولا پێكدەھێنرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەوەی لە ڕێككەوتنەكەدا ھاتووە.