ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵە لە شەڕێکی سەخت لەگەڵ هێزەکانی ئێران لە مەریوان کوژرا

19-09-2024 04:27

پەرەگراف

لە مەریوان شەڕێکی سەختی چەند کاتژمێریی لە نێوان هێزەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕوویدا، ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵە لە شەڕەکەدا کوژرا.

ئەوە یەکەم شەڕو ڕوبەڕوبوونەوەی سەختی نێوان حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لەگەڵ ئێران لە دوای رێككەوتنە ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران کە مانگی ئازاری 2023 واژۆکراو گرنگترین خاڵی بریتییە لە چەككردن و كەمپنشینكردنی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لەبارەی شەڕەکەی مەریوان کە لە کاتژمێر ٣ی شەوی ڕابردوو تاوەکو دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەردەوام بووە، دەڵێت، ڕێبوار کەریمیان ناسراو بە ڕێبوار داسێران، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەو بەرپرسی کۆمیسیۆنی نیزامی، "لە تێکهەڵچوونێک لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی  لە پیرانەکۆن(سەربە مەریوان" دوای چەندین سەعات شەڕو خۆڕاگری گیانی ئازیزی بەختکرد".

" جێگەی ئاماژەیە لە سەعاتی ٣ی نیوەشەو تا ئەمڕۆ دوانیوەڕۆ شەڕ بەردەوام بووەو ناوچەکە لە ژێر ئاگری تۆپ و خۆمپارەدایە" ڕاگەیەندراوەکەی کۆمەڵە وادەڵێت.

لە چوارچێوەی تووندکردنەوەی گوشارەکانی ئێران بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی لەگەڵ عێراق، ڕۆژی ٦-٩-٢٠٢٤ یەکەم ژمارەیەک کەس و خێزانی حیزبی کۆمەڵە گواسترانەوە بۆ کەمپی سوورداش وەک یەکەم قۆناغی گواستنەوەو پڕۆسەکەش بەردەوام دەبێت.

هەریەکە لە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران(کۆمەڵە)، حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کە ئۆپۆزسیۆنی چەکداری ئێرانن ماوەی ٣٠ ساڵە لە سێ گوندی ناوچەی زڕگوێز نیشتەجێن و بارەگایان هەیەو بەپێی ڕێککەوتنە ئەمنییەکە دەبێت بگوازرێنەوە بۆ کەمپی سوورداش.