كۆمیسیۆن: هیچ كەس و لایەنێك نازانێت دەنگدەر دەنگی بە كێ‌ داوە

19-09-2024 12:40

پەرەگراف

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دڵنیایی بە دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان دەدات كە "بە هیچ شێوەیەك، هیچ كەس و لایەنێك نازانێت دەنگدەر دەنگی بە كێ‌ داوە".

نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا جەختی كردەوە كە "ئەو سیستەمی ئەلیكترۆنییەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كاری پێ‌ دەكرێت، لە دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق كاری پێ‌ كراوە و هیچ كەسێك نەیزانیوە كە كێ‌ دەنگی داوە بە كێ‌".

ئەو بەرپرسەی كۆمیسیۆن وتیشی "هەرێمی كوردستان سێ‌ ملیۆن 800 هەزار دەنگدەری هەیە، دوو ملیۆن 893 هەزار كەس كارتی دەنگدانیان بۆ دروست كراوە و دەتوانن دەنگ بدەن، كە دەكاتە 76%ـی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان".

نزیكەی 180 هەزار كارتی دەنگدان لە بنكەكانی كۆمیسیۆن ماون كە وەرنەگیراونەتەوە، كۆمیسیۆن داوا لە هاووڵاتیان دەكات بچن كارتەكانیان وەربگرنەوە تا لە مافی دەنگدان بێبەش نەبن.

سەبارەت بە وادەی دەستپێكردنی بانگەشەش، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق وتی "بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دەبێت كە كاندیدەكان پەسەند كران، ڕۆژی دواتر بانگەشە دەست پێ‌ بكات. سەرەتای هەفتەی داهاتوو ناوی كاندیدەكان پەسەند دەكرێت و ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری دەكرێت".