ئێوارەی ئەمڕۆ بارانبارین لە هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكات

19-09-2024 11:59

پەرەگراف

بەپێی پێشبینیی كەشناسیی هەرێم، ئێوارەی ئەمڕۆ بارانبارین لە هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكات، شەپۆلی "نمەباران و تاوەبارانی لاواز تا ئێوارەی سبەینێ بەردەوام دەبێت".

بەڕێوەبەرایەتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم دەڵێت "ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، دابارینی نمەبارانی كەم كەم و هەندێ جار تاوەبارانی لاواز، لە ناوچە سنوورییەكان بەتایبەتی لە ناوچەكانی باكووری ڕۆژئاوای هەرێم و ناوچە شاخاوییەكانی زاخۆ دەبارێت".

هەروەها سبەی هەینی "ئاسمان نیمچەهەور دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەكان بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت. لە كاتەكانی بەیانی نمەباران لە ناوچەكانی پارێزگای دهۆك دەبارێت".

نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی كاریگەریی بارانبارین "بەشێوەیەكی لاواز، درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچەكای ناوەڕاستی هەرێم و هەندێ لە ناوچەكانی پارێزگای هەولێر".

كەشناسیی هەرێم دەشڵێت "لە كاتەكانی ئێوارەی هەینی، كاریگەریی شەپۆلەكە بە لاوازی لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەكانی باكووری هەرێم دەمێنێتەوە".