ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە لەبارەی مووچە

19-09-2024 08:45

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی عێراق ڕەتی دەکاتەوە کێشەی هەبێت لە دابینکردنی پارەی مانگانە بۆ مووچەو دەڵێت، ئەو دەنگۆیانەی لەوبارەیەوە بە ناوی وەزیرەوە بڵاوکراونەتەوە ڕاست نین.

وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوە دەخاتەڕوو، هەندێک کەسایەتی و لایەن لێدوانیان لەسەرزاری تەیف سامی، وەزیری دارایی بڵاوکردووەتەوە کە گوایە وەزارەتەکە "توانای دابەشکردنی مووچەی چەند مانگی داهاتووی فەرمانبەرانی نییە"، وەزارەتەکە ئەوە ڕەت دەکاتەوەو دەڵێت "دەنگۆی ناڕاستەو وەزیر هیچ لێدوانێکی لەو شێوەیەی نەداوە".

وەزارەتی دارایی عێراق پابەندبوونی تەواوی خۆی بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان، چاودێری کۆمەڵایەتی و کەرتە ئەمنییە جیاوازەکانی عێراق لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دووپات دەکاتەوە.

تەرخانکردنی پارەی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، مووچەی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە کە نزیکەی یەک ملیۆن مووچەخۆرن و بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە مووچەکانیان لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵییە لەبەرامبەر چەند مەرج و پابەندییەک لەسەر هەرێم، بەڵام بەهۆی کێشە لە لیستی مووچەو ناکۆکییەکانی نێوان هەولێرو بەغداد، مووچەی هەرێم تووشی گرفت دەبێت هێشتا مووچەی مانگی ٨ دابەش نەکراوە.