دەستەی ژینگە داوای پاراستنی ژینگە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دەكات

18-09-2024 01:05

پەرەگراف

دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە داوا لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكات كە "تاك و لایەن و قەوارە سیاسییەكان" پابەند بكات بەوەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا "پارك و باخچە بۆ بانگەشە بەكارنەهێنن" و نووسینەكانی بانگەشەیان "لەسەر قوماش و كاغەز بن، نەك فلێكس و نایلۆن"، لەبری سیكۆتین و بزماریش، تیپ بەكار بهێنن.

بەكارهێنانی هەزاران پۆستەر و دروشم و وێنەی فلێكس و نایلۆن لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا لەلایەن كاندید و لایەنەكانەوە، دواتریش فڕێدانیان لەناو ژینگەدا و لەناونەبردنیان بە ڕێگای گونجاو، گرفتێكی دیكەی ژینگەییە لە هەرێمی كوردستان و عێراق.

عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە، نووسراوێكی سەبارەت بە "بانگەشەی هەڵبژاردن و ڕێنماییە ژینگەییەكان" بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، ئاراستەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كردووە.

سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە دەڵێت "بەمەبەستی ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان دوو مافی دەستووریی هاووڵاتیاندا، كە یەكەمیان مافی دەنگدان و خۆبەربژێركردن و دووەمیان مافی هەموو كەسێكە بۆ ژیان لە ژینگەیەكی سەلامەتدا، هەروەها پاڵپشت بە یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە، پێویستە تاك و لایەن و قەوارە سیاسییەكان لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا پابەندی بابەتە ژینگەییەكان بن".

دیارترین ئەو بابەت و ڕێنماییە ژینگەییانەی كە دەستەی ژینگە جەختی لێ‌ كردوونەتەوە، بریتین لە:

1- لافیتە و نووسینەكانی بانگەشە لەسەر قوماش و كاغەز بن، نەك لەسەر فلێكس و نایلۆن.

2- پاركە گشتییەكان و باخچەی ناو گەڕەكەكان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكار نەهێنرێن.

3- پۆستەرەكان بە (تیپ) جێگیر بكرێن، نەك بە (سیكۆتین)، (بزمار)ـیش بەكار نەهێرێت بۆ جێگركردنیان لەسەر درەختەكان و بە لافیتە دانەپۆشرێن.