بەردى بناغەى 'گەورەترین' نەخۆشخانەی چارەسەرى شێرپەنجە لە هەولێر دانرا

18-09-2024 11:43

پەرەگراف

سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت "تووشبوون بە شێرپەنجە ڕووی لە زیادبوون كردووە و هیوادارین كەرتی تایبەت و هاووڵاتیانیش یارمەتیی سندووقی كۆمەككردنی تووشبووانی شێرپەنجە بدەن". وەزیری تەندروستیش دەڵێت "بە پاڵپشتیی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ڕێژی تووشبوون بە شێرپەنجە لە خوار ستانداردی جیهانییەوەیە".

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ بەردی بناغەی "گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجە"ـی لە هەولێر دانا. نەخۆشخانەكە ڕووبەرەكەی 30 هەزار مەتر چوارگۆشەیە و 150 تەختی خەواندن و 100 تەختی چارەسەری كیمیایی هەیە و لە پێنج نهۆم پێك دێت. بڕیارە لە ماوەی دوو ساڵدا تەواو بكرێت.

دكتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم، لە وتارێكدا وتی "ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجەی تۆماركراو لە كوردستان لە خوار ستانداردەكانی نێودەوڵەتییەوەیە، كە لە كوردستان لەسەدا ئۆ پۆینت 15ـیە و لە جیهاندا لەسەدا ئۆ پۆینت 19ـیە. بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی، لە 100 هەزار كەس لە جیهاندا، ساڵانە 190 تووشبوو تۆمار دەكرێت، بەڵام لە كوردستان 151 تووشبوو تۆمار دەكرێت".

وەزیری تەندروستی، هۆكاری كەمیی ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی بە "دەستكەوتی هەرێمی كوردستان و پاڵپشتییەكانی خودی سەرۆكی حكومەتی هەرێم" ناو برد و وتیشی "سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم، بودجەی بۆ سەرجەم سەنتەرەكانی شێرپەنجە زیاد كرد".

"نزیكەی 250 جۆری دەرمان لە بواری شێرپەنجەدا بەكار دەهێنرێن، كە نزیكەی 120 دەرمانیان چارەسەری كیمیایی زۆر گرانبەهان و تەواوی خەرجییەكەی لەسەر حكومەتە. بەشێكی سنوورداری دەرمانەكان لە عێراق و لە ڕێگەی ڕێكخراوە خێرخوازییەكانەوە دێن. حكومەتی هەرێم توانیویەتی 90%ـی چارەسەرەكانی شێرپەنجە دابین بكات"، وەزیری تەندروستی وا دەڵێت.

دكتۆ سامان بەرزنجی وتیشی "لە ماوەی چوار ساڵی 2020 تا كۆتایی 2023، بە بەهای زیاتر لە 285 ملیار دینار دەرمان و پێداویستیی پزیشكی بۆ شێرپەنجە دابین كراوە. بەپێی مەزەندە، هەر نەخۆشێكی شێرپەنجە خەرجیی چارەسەركردنەكەی 180 بۆ 200 هەزار دۆلارە".

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش لە وتارێكدا، چاكسازی لە سیستەمی تەندروستیی بە یەكێك لە "یەكەم هەوڵەكان"ـی ناو برد، بەڵام دانی پێدا نا كە "كەرتی تەندروستی هێشتا خزمەت و چاكسازیی زۆری پێویستە".

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "لە كەرتی تەندروستیی هەرێمدا، دەبێت كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت، هاوسەنگ و هاوتەریب گەشە بكەن. كوالێتی و ئاستی خزمەتگوزاری لە كەرتی گشتیی تەندروستیدا دەبێت باشتر ببێت. هاووڵاتی دەبێت لە نەخۆشخانە گشتییەكاندا هەست بە ئاسوودەیی و هەبوونی خزمەت بكات".

"هەندێك هەنگاوی كردەییمان لەم بوارە دەست پێ كردووە و نووسینگەی خۆم ڕاسپاردووە كە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، وەكوو پرۆژەی تاقیكاری، چەند نەخۆشخانەیەكی كەرتی گشتی پێش بخەن كە بە نەخۆشخانەی ڕزگاری - هەولێر (كە یەكێكە لە گەورەترین نەخۆشخانەكانی كوردستان) دەست بەم پرۆژەیە كراوە"، مەسروور بارزانی وای وت.

سەبارەت بە نەخۆشیی شێرپەنجە، مەسروور بارزانی وتی "ڕێژەی تووشبووان لەم ناوچەیەدا وەكوو هەموو جیهان زیادی كردووە، بۆیە پێویستە بە وردی هەم كار لەسەر كەمكردنەوەی هۆكارەكانی تووشبوون بكەین، هەمیش باشترین چارەسەرەكان بۆ نەخۆشەكانمان دەستەبەر بكەین".

سەرۆكی حكومەت جەختی كردەوە كە "ئێمە پاڵپشتیی سندووقی تایبەت بە كۆمەككردنی تووشبووانی شێرپەنجە دەكەین". وتیشی "هیوادارین كەرتی تایبەت و هاووڵاتیانیش بەپێی توانا یارمەتیی ئەو سندووقە بدەن".