فراكسیۆنی پارتی گەڕایەوە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بەڵام ‏بەشداریی كۆبوونەوە ناكات

17-09-2024 01:01
حەسەن مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی، لە ئۆفیسی خۆی لەناو ئەنجوومەنی ‏پارێزگای كەركووك

پەرەگراف

ئەندامەكانی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ‏گەڕانەوە بۆ ناو بینای ئەنجوومەنەكە و ئۆفیسەكانی خۆیان كردەوە، بەڵام ‏جارێ‌ بەشداری لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەن ناكەن.‏

حەسەن مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ‏كەركووك، ڕایگەیاند "مافی خۆمانە دەرگای نووسینگەكانمان بۆ ‏خزمەتكردنی خەڵكی كەركووك بكەینەوە و بەڵێنی ئەوەش دەدەین كە لە ‏ئەمڕۆوە خزمەتی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەكان بكەین".‏

ئەندامەكانی پارتی بەردەوام دەبن لە بایكۆت و بەشداریی كۆبوونەوەكانی ‏ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ناكەن، وەكوو خۆیان دەڵێن "تا دادگای ‏باڵای فیدراڵی لەبارەی یاساییبوون یان نەبوونی دانیشتنەكەی ئوتێل ڕەشید ‏بڕیار دەدات".‏

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەشڵێت ‏‏"پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ‏زۆر باشە، كێشەمان لەگەڵ خودی كەسایەتیی پارێزگار و سەرۆكی ‏ئەنجوومەن نییە، بەڵكوو تەنیا تێبینیمان لەسەر شێوەی یاسایی ‏دانیشتنەكەی ئوتێل ڕەشید هەیە و چاوەڕوانین دادگای فیدراڵی ‏بەرچاوڕوونیمان لەوبارەیەوە پێ‌ بدات".‏

ڕۆژی 10-8-2024، لە هۆتێل ڕەشید لە بەغداد، دانیشتنی ئەنجوومەنی ‏پارێزگای كەركووك بە بەشداریی نۆ ئەندام بەڕێوە چوو، تێیدا ڕێبوار تەها ‏لە پشكی یەكێتی بە پارێزگاری كەركووك و محەمەد حافز لە كوتلەی ‏عەرەبی بە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێردران

لە دانیشتنەكەدا پێنج ئەندامەكەی یەكێتی و سێ‌ ئەندامی پێكهاتەی ‏عەرەب و ئەندامەكەی كریستیان بەشدارییان كرد، بەڵام دوو ئەندامەكەی ‏پارتی و سێ‌ ئەندامی عەرەب و دوو ئەندامەكەی توركمانیش لە ‏ئەنجوومەنی پارێزگا، بایكۆتیان كرد.‏

پارتی و توركمان و ئەو سێ‌ ئەندامە عەرەبەی بەشداریی كۆبوونەوەكەیان ‏نەكرد، كۆبوونەوەكە بە "نایاسایی" ناو دەبەن و لە داگای فیدراڵی سكاڵایان ‏دژی تۆمار كردووە.‏

ئەو لایەنانە دوو ڕەخنەی سەرەكییان لە دانیشتنەكە هەیە، یەكەم: ‏كۆبوونەوەكە لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئەنجام نەدراوە، بەبێ‌ ‏ئەوەی "هیچ ڕێگرییەكی ئەمنی و یاسایی" هەبێت. دووەم: كۆبوونەوەكە ‏دەبوو لەلایەن سەرۆكی تەمەن كە ڕاكان جبوورییە و بەتەمەنترین ئەندامی ‏ئەنجوومەنەكەیە، سەرۆكایەتی بكرێت.‏

دواتریش وتەبێژی بارەگای بارزانی ڕایگەیاند "دەبێت پارێزگاری كەركووك ‏كوردێكی میانڕەو بێت و لایەنە كوردییەكانی دیكەش لەسەری ڕازی بن". ‏وتیشی "ڕێككەوتنی چەواشەكارانە لەوبارەیەوە، ئەنجامەكەی شكستە."‏

خالیدە خەلیل، وتەبێژی بارەگای بارزانی، ڕۆژی شەممە 17-08-2024، ‏ڕایشیگەیاند "پێویستە لەسەر سەرۆكی ئەنجوومەن و جێگرەكەیشی ‏ڕێككەوتن بكرێت".‏

‏"ناڕەزایەتیی ئێمە لە پێشێلكردنی ڕێككەوتنی نیشتمانی و جێبەجێكردنی ‏ئەجێندایەكی سەیر و نامۆیە، كە ئامانجی هێنانە كایەی كێشە و ‏ناهاوسەنگییە"، وتەبێژی بارەگای بارزانی وای وت.‏