سوودانی: دوو بژاردە بۆ چارەسەری كێشەی نەوتی هەرێم هەیە

17-09-2024 10:35

پەرەگراف

سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت "تەنیا دوو بژاردە بۆ چارەسەری كێشەی نەوتی ‏هەرێم هەیە، ئەوانیش هەمواركردنەوەی گرێبەستی كۆمپانیاكان و هەمواركردنەوەی یاسای ‏بودجەیە".‏

بەپێی قسەی سوودانی، بژاردەی یەكەم لەلایەن كۆمپانیاكانەوە "ڕەت كراوەتەوە" و ‏دووەمیشیان پێویستی بە "ڕێككەوتنی سیاسی" هەیە، بەڵام بێ‌ هیوا نییە و پەرۆشیی خۆی ‏بۆ چارەسەری كێشەكە دەردەبڕێت و دەشڵێت "دەكرێت ئەمساڵ چارەسەر ببێت".‏

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ بلۆمبێرگ باس لە ‏لەمپەرەكانی بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دەكات كە نزیكەی ساڵ و نیوێكە ‏بەهۆی بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی ڕاگیراوە.‏

سوودانی دەڵێت "بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت گرێبەستەكانی نەوت لە هەرێمی ‏كوردستان و یاسای بودجە كە تێیدا تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێك نەوت بە 8 دۆلار ‏جێگیر كراوە و نابێت لەوە زیاتر تێپەڕێت"، هۆكاری دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوتی ‏هەرێمن.‏

هەروەها ئاماژە بەوە دەكات كە "ئەوە لە كاتێكدایە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە ‏گرێبەستە نەوتییەكانی ئەو كۆمپانیایانە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە 26 ‏دۆلار جێگیر كراوە".‏

سەرۆكوەزیرانی عێراق سەبارەت بە ڕێگەچارەی كێشەی نەوت ڕایدەگەیەنێت "ئێستا ئێمە ‏لەنێوان دوو بژاردەداین و بژاردەی سێیەم بوونی نییە: یان دەبێت ئەو گرێبەستانە هەموار ‏بكەینەوە، كە ئەمە لەلایەن ئەو كۆمپانیانەی لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، ڕەت ‏كراوەتەوە. یاخود دەڕۆین بەرەو هەمواركردنەوەی یاسای بودجە، كە ئەوەش پێویستی بە ‏ڕێككەوتنی سیاسی هەیە".‏

محەمەد شیاع سوودانی جەخت دەكاتەوە كە "عێراق بە پەرۆشە بۆ چارەسەكردنی ئەم ‏كێشەیە و وەبەرهێنان لەو نەوتە و كاركردن لەگەڵ كۆمپانیاكان". دەشڵێت "بۆ ئەو ‏مەبەستە دانوستانی بەردەوام لە ئارادایە لەگەڵ كۆمپانیاكان و براكانمان لە هەرێمی ‏كوردستان".‏

‏"ئێمە توانای بەرهەمهێنان لەدەست دەدەین لەم هێڵە ستراتیژی و گرنگە، بۆیە هیوادارین ‏بگەین بە ڕێگەچارەیەك سەبارەت بە ڕێكارە یاساییەكان. دەكرێت ئەمساڵیش كێشەكە ‏چارەسەر ببێت"، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق وا دەڵێت.‏