ئاسایشی سلێمانی: لە 80 ڕۆژدا 514 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوەو 51 تۆمەتبار دەستگیر کراون
پەرەگراف
ئاسایشی سلێمانی لە کەمتر لە 3 مانگدا دەستی بەسەر زیاتر لە نیو تۆن ماددەی هۆشبەردا گرتوەو 51 تۆمەتباری دەستگیر کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئاسایشی سلێمانی، لە 14-5 بۆ 1-8-2024 توانیویانە دەستبگرن بەسەر بڕی 514 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆرەکانی (کۆکاین، کریستاڵ، ماریجۆنا، تلیاک، کریستاڵی شل، حەبی کابتاگۆن) و توانراوە 51 تۆمەتباری بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکەن.
ئاسایش دەڵێت "بازرگانان ویستویانە بە بەکارهێنانی تەکنیکی نوێی حەشاردان ماددە هۆشبەرەکان لەناوچە سنورییەکانەوە بەرەو شارەکان و دواتر بەنیازبوون بینێرن بۆ ناوەڕاست و خواروی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە".
بەپێی ڤیدیۆیەک کە ئاسایش بڵاوی کردووەتەوە، یەکێک لە بازرگانەکان دەڵێت "لە 14-5-2024 چوومە پێنجوێن بۆ هێنانی ماددەی هۆشبەر، 50 کیلۆگراممان کردە ناو تەنکی بەنزینی ئۆتۆمبێلەکە کە بۆ ئەو ئیشە چاککرابوو، بەو مەبەستەی بیبەین بۆ موسڵ، گەیشتینە سلێمانی دەستگیرکراین".
بازرگانێکی دیکە دەڵێت "لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێم 10 کیلۆ ماددەی هۆشبەرمان لە جۆری کریستاڵ لە قەڵادزێوە هێنا بەو مەبەستەی لە قەزای دوکان بیفرۆشین، بەڵام پێشوەخت لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیر کراین".
کۆتایی مانگی ڕابردوو دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر ڕوبەڕوی هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی بوونەوە لە گەڕەکی سەرچنار، شەڕەتەقە لە نێوانیان ڕوویدا، دوو بازرگانەکە بە برینداری دەستگیر کران و ئاسایشێک بریندارە.
هەر لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو ئاسایشی سلێمانی "نزیكەی 250 ملیۆن دەنك حەپ و 125 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر"ـی لەناو برد، ڕایشیگەیاند كە "بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەرەوە زیادی كردووە. لە حەوت مانگی ئەمساڵدا 638 تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر دەستگیر كراون، كە 200 بۆ 250 كەسیان ئالوودەبووی ماددەی هۆشبەرن، ئەوانی دیكە بازرگان و فرۆشیاری ماددەی هۆشبەرن".
بەپێی ئامارێک كە كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان لە 18-10-2023 ڕایگەیاند، لە كۆی "پێنج هەزار و 283 سزادراو لەناو چاكسازییەكانی هەرێمدا، هەزار و 97 كەسیان بە تاوانی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان سزادراون، كە دەكاتە یەك لەسەر پێنجی سەرجەم سزادراوانی ناو چاكسازییەكان".
سزادراوانی ماددەی هۆشبەر، "480" كەسیان بازرگان و "617"ی دیكەیان بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەرن. لە ڕووی ڕەگەزیشەوە "هەزار و 23" كەسیان لە ڕەگەزی نێر و "74"یان لە ڕەگەزی مێن.
هاوکات بەپێی ئامارەكانی تۆڕی هەماهەنگیی ڕێكخراوەكان كە بەشێك لە چالاكییەكانیان كاركردنە لەسەر ماددەی هۆشبەر، لە ساڵی 2014دا تەنها 142 كەس لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیر كراون، بەڵام لە ساڵی 2022دا، 2017 كەس دەستگیر كراون.
شیشە، تلیاك، حەشیش، كریستاڵ، كۆكاین، هێرۆیین، ماریوانا و چەندین حەبی جۆراوجۆر، ئەو ماددە هۆشبەران كە دەهێنرێنە هەرێمی كوردستان و لایەنە ئەمنییەكان بە بڕی زۆر دەستیان بەسەر بەشێكیدا گرتووە.