نیو ملیۆن مووچەخۆر لە هەژماری من تۆمار کراون؛ 'بەبێ بایۆمەتری کێشەی مووچە چارەسەر نابێت'

16-09-2024 05:38

پەرەگراف

ژمارەی ئەو مووچەخۆرانەی هەرێمی کوردستان کە لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمارکراون بۆ بەئەلیکترۆنی وەرگرتنی مووچە گەیشتە نیو ملیۆن مووچەخۆر، جێگری سەرۆکوەزیرانیش دەڵێت، بەبێ پڕۆسەی بایۆمەتری کێشەی مووچە لەگەڵ بەغداد چارەسەر نابێت.

بەپێی نوێترین ئاماری وەزارەتی دارایی، لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک، 500,000 مووچەخۆر تۆمار کراون لە پڕۆژەی هەژماری من و ئێستا خاوەنی هەژماری بانکین، تاکو ئێستا 280 هەزار کارتی بانکی دابەش کراونەتەوە بەسەر بەشداربووانی هەژماری مندا، زیاد لە 200 ئامێری ڕاکێشانی پارە لە 67 ناونیشانی جیاواز جێگیر کراون.

مانگی پێشوو 120 هەزار مووچەخۆر لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک مووچەکانیان بە شێوازی دیجیتاڵی لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژماری من وەرگرتووە، ئامانجی حکومەتی هەرێم کردنەوەی هەژماری بانکییە بۆ زیاد لە یەک ملیۆن مووچەخۆری کەرتی گشتی تا کۆتایی ئەمساڵ.

هەرلە چوارچێوەی حکومەتی ئەلیکترۆنی و پڕۆسەی بایۆمەتریدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ڕایگەیاند "پێش بایۆمەتری نە دەمانزانی کێ فەرمانبەرە، نە دەمانزانی مووچە بەکێ دەدەین. نەشماندەزانی کێ دوو مووچەی هەیە و کێ بندیوارە".

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت "بەبێ بایۆمەتری، نە کێشەی مووچە لەگەڵ بەغداد چارەسەر دەبێ، نە حکومەتی ئەلکترۆنی دێتە ئاراوە. بایۆمەتری یەکەمین و گەورەترین پڕۆژەی بەداتاکردنی حوکمڕانی بوو لە هەرێمی کوردستان".