کەمپی مەخمور بۆردومان کرا؛ دژەتیرۆری پارتی دەڵێت: بەرپرسی پەکەکە کراوەتە ئامانج

16-09-2024 09:04
دانیشتوانی کەمپەکە سەیری شوێنی بۆردومانەکە دەکەن. وێنە؛ ڕۆژنیوز

پەرەگراف

کەمپی مەخمور کە پەنابەرانی باکوری کوردستانی تێدایە بەیانیی ئەمڕۆ لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە بۆردومان کرا، دژەتیرۆری پارتی دەڵێت "کوژراو و بریندار هەن و بەرپرسی پەکەکەیان تێدایە"، میدیای نزیک لە پەکەکەش ئەوە ڕەت دەکاتەوەو دەڵێت "بۆردوومانی باخچەی ماڵێک کراوەو تەنها زیانی ماددی هەبووە".

دژەتیرۆری پارتی ڕایگەیاند "کاتژمێر 9:45ی پێشنیوەڕۆ، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا بنکەیەکی کۆبوونەوەی ئەندامانی پەکەکەی لە کەمپی مەخموور کردە ئامانج و، بەهۆیەوە کەسێک کوژراو و دووانی دیکەش بریندار بوون کە لە نێو کوژراو بریندارەکاندا بەرپرسی پەکەکە هەیە".

هەرلەسەر ئەو بۆردومانە، ماڵپەڕی ڕۆژنیوز نزیک لە پەکەکە بڵاویکردەوە "دەنگی تەقیینەوەیەک لە کامپەکە بیسترا، هەرچەندە سەرەتا وا ڕاگەیاندرا کە بوتڵێکی غاز تەقیووەتەوە، دوای لێکۆڵینەوەکان لەلایەن شاندەکانی عێراقەوە، دەرکەوت کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی باخچەی ماڵێکی لەناو کامپەکە کرد. ئەو ماڵەی کە بۆردوومان کراوە هی هاوڵاتییەکە بە ناوی مەلەک مژینی، لەو کاتەدا کەس لە باخچەکەدا نەبووە کە بۆردوومان کراوە".

ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگەش تورکیا کەمپیەکەی بۆردومان کردو بەهۆیەوە کەسێک کوژراو دوو کەسی دیکە برینداربوون.

كەمپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور کە پەنابەرانی باکوری کوردستانی تێدایە "ئەندام‌و لایەنگرانی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە)ن"، توركیا هاوشانی قەندیل‌و شەنگال، بەردەوام ناوی مەخموریش دەهێنێت‌و هەڕشەی لێدانی دەكات، پێشتریش چەندینجار بۆردومانی كەمپەكەی كردووەو زیانی گیانیی لێكەوتووەتەوە.