مەسرور بارزانی: لەسەر داوای بافڵ تاڵەبانیو بەبێ هیچ مەرجێك كۆبوونەوەكەی پەرلەمان دواخرا
پەرەگراف
نووسینگەی مەسرور بارزانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆكی حكومەتو بافڵ تاڵەبانی ئاشكرا دەكات لەبارەی دواخستنی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستانو دەڵێت: بافڵ تاڵەبانی داوای دواخستنی كۆبوونەوەی پەرلەمانی بۆ 24 كاتژمێر كرد بەبێ ھیچ مەرجێك.
بڕیاربوو ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوەو یەكێتی بە بڕیاری سەركردایەتیی بەشداریی سەرۆكی پەرلەمانو فراكسیۆنەكەی لە كۆبوونەوەكان هەڵپەساردووە تا ئەوكاتەی مەكتەبی سیاسی پارتیو یەكێتی كۆدەبنەوە، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بۆ سبەینێ دواخراو پاشان ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بانگهێشتی پەرلەمانتارانی كرد ئامادەبن بۆ كۆبوونەوەی سبەینێ لە كاتژمێر 11.
دەقی ڕوونكردنەوەكەی نووسینگەی مەسرور بارزانی
پەیوەست بە ئەو كێشانەی كە لەبارەی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستانەوە لە ئارادابوون، ھەندێك ھەواڵ و لێكدانەوەی ناڕاست لە میدیاكاندا بڵاو بوونەتەوە.
راستیی بابەتەكە بەو شێوەیە كە لە میانەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی نێوان بەڕێزان مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و بافڵ تالەبانی ھاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەو كێشەیە تاووتوێ كرا و بەڕێز بافڵ تالەبانی داوای دواخستنی كۆبوونەوەی پەرلەمانی بۆ 24 كاتژمێر كرد بەبێ ھیچ مەرجێك، تاكو دەرفەت بۆ سەركردایەتیی ھەردوولا ھەبێت بە تێگەیشتنێكی ھاوبەش بگەن. ئەم داوایە بە چارەسەرێكی پەسەند زانرا و بە دانوستان لە نێوان سەرۆكایەتی پەرلەمان وسەركردایەتیی ھەردوولا كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ 24 كاتژمێر دواخراوە بە بێ ھیچ مەرجێك و بوار ڕەخسێندراوە لەو ماوەیەدا بەربەست و كێشەكان چارەسەر بكرێن.
بەو ھیوایەی كە گشت لایەك بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەل ئەم بابەتانە بكەن و بە ئاراستەی چارسەر ، ھەواڵ و لێكدانەوەكان بگوازنەوە.
نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان