لیژنەی لێكۆڵینەوەی وەزارەتی ناوخۆ تاوانباری دۆسیەی سێوان قادر ئاشكرا دەكات

22-07-2020 01:47
سێوان قادر‌و كچە بچوكەكەی.

پەرەگراف

سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ دۆسیەی گیان لەدەستدانی سێوان قادرو منداڵەكانی ڕایگەیاند، هەموو بەڵگەكان گەواهیدەرن بۆ تاوانباركردنی تۆمەتبار.

تۆمەتباری ڕووداوەكە هاوسەری سێوان قادرە كە ئێستا لە زینداندایە، بڕیارە كۆتایی ئەم مانگە دادگا دواین دانیشتن لەبارەی دۆسیەكە ئەنجام بدات.

عەمید سەركەوت عومەر، سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوەی دۆسیەكە لە وەزارەتی ناوخۆ، ئەمڕۆ لە ڕوونكردنەوەیەكدا بۆ ڕایگشتی وردەكاریی كارەكانی لیژنەكەیانی خستە ڕوو، دەڵێت"هەموو ڕێكارێكی لێكۆڵینەوەمان ئەنجام دا بەمەبەستی گەیشتن بە ڕاستی ڕوداوەكە، لێكۆڵینەوە لە ڕوداوێكی لەم جۆرەنەخشە بۆ كێشراو هێندە ئاسان نیەو ماندووبونی زۆری ویست".

سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوە دەشڵێت "ئێمە بە پێویستی دەزانین لێرەوە بەڕای گشتی ڕابگەیەنین كە هەموو بەڵگەكان گەواهی دەرن بۆ تاوانباركردنی تۆمەتباروو دڵنیاشین لە دڵسۆزی و ویژدانی بەرزی دادوەرە بەڕێزەكانی دادگای تاوانەكان. زۆر لەوە دڵنیاین كە شەونخونی و ماندوبونی تیمی لێكۆڵینەوە بە فیڕۆ ناڕوات و ئەنجامیش هەمومان لەبەردەم خواو عەدالەتدا سەربڵند ئەبین".

شەوی 16-12-2018، سێوان قادر‌و سێ منداڵی لە خانوەكەی خۆیاندا لە قەزای چەمچەماڵ سوتان، دوای گڕگرتنی خانوەكەیان، سێ منداڵەكەی دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا، بەڵام خۆی بە برینداریی‌و ڕێژەی سوتاوی زیاتر لە سەدا 90ـوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەیەكی سلێمانی كراو دوای هەفتەیەك گیانی لەدەستدا.

بەڕێكردنی تەرمی سێوان بۆ گۆڕستان. وێنە؛ پەرەگراف.

چیرۆكی گیانلەدەستدانی سێوان‌و سێ منداڵەكەی، بووە جێی داخی خەڵك، ئەوەی زۆری لەسەر وترا و لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا گومانی لەسەر بوو، تەمومژاوی ڕوداوەكەبوو، زۆرێك پەنجەی تۆمەتیان بۆ هاوسەرەكەی درێژ كرد، دواتریش دەزگا ئەمنییەكان دەستگیكردنی هاوسەری سێوەو ئافرەتێكی دیكەیان ڕاگەیاند‌و لە مانگی 4ی 2019 ئەو ئافرەتە ئازاد كراو هاوسەری سێوان تائێستا لە زیندانە.

لە سەرەتاوە دادگای لێكۆڵینەوەی چەمچەماڵ لێكۆڵینەوەی لە كەیسەكەدا كرد، بەڵام لەسەر داوای كەسوكاری سێوان قادرو بە پاساوی سستی بەڕێوەچوونی لێكۆڵینەوەكان، كەیسەكە بۆ دادگای 1ی لێكۆڵینەوەی سلێمانی گوازرایەوەو دواتر پەڕاوەكە چووە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان‌و لەوێ دوای وردبینی بڕیاردرا دۆسیەكە لە چەمچەماڵەوە بۆ سلێمانی بگوازرێتەوە.

سێوان زیاتر لە شەش ساڵ بوو ژیانی هاوسەرێتی پێكهێنابوو، سێ منداڵەكەی تەمەن شەش مانگ تا شەش ساڵ بوون، سێوان لەبەر شیرازەی خێزانەكەی ئازارەكانی خۆی لەبیركرد تا لەگەڵ منداڵەكانی پێكەوە گیانیان لەدەستداو لە تەنیشت یەكترییەوە نێژران.

وێنەی سێوەو منداڵەكانی بە فراوانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەتەوەو خەڵك بەداخبوون بۆیان.

ئەو مەرگەی هەرێمێكی خەمباركرد
سێوە لەبەر شیرازەی خێزانەكەی ئازارەكانی خۆی لەبیركرد