مۆنۆمێنتی 'پارێزەرانی حەقیقەت' لە سلێمانی کرایەوە؛ 551 ڕۆژنامەنووس لە دوای 2003 لە عێراق کوژراون

14-09-2024 04:32
مۆنۆمێنتی 'پارێزەرانی حەقیقەت' لە سلێمانی. وێنە؛ پەرەگراف

 

پەرەگراف

مۆنۆمێنتی 'پارێزەرانی حەقیقەت' لە سلێمانی کرایەوە کە  بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران دروستکراوەو ناو و ساڵی شەهیدکرانی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی تێدایە کە لە دوای ساڵی 2003وە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کوژراون.

کۆی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە مۆنۆمێنتەکەدا ناویان نووسراوە، 551 ڕۆژنامەنووسن، بەپێی ئامارەکانی وێبسایتی مۆنۆمێنتەکە؛ زۆرترین ڕۆژنامەنووسی کوژراو لە ساڵی 2006دا بووە کە 114 ڕۆژنامەنووس بوون، پاشان لە 2007دا 95 ڕۆژنامەنووس کوژراون، ساڵەکانی 2021 و 2022 باشترین بوون بۆ ڕۆژنامەنووسان و لە دوای 2003وە تەنها لەو دوو ساڵەدا ڕووداوی کوشتن نەبووە.

لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش هیچ پارێزگایەکی عێراق نییە ڕووداوی کوژرانی ڕۆژنامەنووسی تێدا تۆمار نەکرابێت، بەغداد لە دوای 2003 زۆرترین ڕۆژنامەنووسی تێدا کوژراوە کە 286 ڕۆژنامەنووس بوون، پاشان لە نەینەوا 102 ڕۆژنامەنووس و لە سەڵاحەدین 28 ڕۆژنامەنووس کوژراون.

لە شارە کوردییەکانیش، کەرکوک زۆرترین ڕۆژنامەنووسی تێدا کوژراوە کە 23 ڕۆژنامەنووس بوون پاشان لە هەولێر 12 ڕۆژنامەنووس و لە سلێمانی 5 ڕۆژنامەنووس کوژراون.

مۆنۆمێنتەکە لەناو پارکی ئازادی سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران کرایەوە، تاڵەبانی لەبارەی مۆنۆمێنتەکەوە دەڵێت "ئەم مۆنیومێنتە یادی ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەکاتەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٣ بە دواوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان شەهید بوون. ڕێزگرتنە لە ئازایەتی و پابەندبوونیان بە گەیاندنی ڕاستییەکان و هەوڵێکە بۆ پاراستنی میراتەکەیان و زیندووهێشتنەوەی ناوەکانیان بۆ هەتاهەتایە".

وەک ئاماژەیەکیش بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسان، جێگری سەرۆکوەزیران دەڵێت "رۆژنامەنووسانی شەهید بە نەمری دەمێننەوە و میراتی بکوژەکانیش ریسوایی و شەرمەزارییەکی ئەبەدییە. هیوادارین هیچ ناوێکیتر بۆ ئەم مۆنیومێنتە زیاد نەکرێت".

"ئەم مۆنۆمێنتە لێرە دانرا لە پارکی ئازادی تا وەک هاووڵاتی و حکومەتیش هەمیشە لەبیرمان بێت کە ئازادی و ئازادی ڕۆژنامەگەریی چ نرخێکی بۆ دراوە" قوباد تاڵەبانی وای وت.

هاوکات موئەیەد لامی نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عێراق، لە وتەیەکدا لە مەراسیمی کردنەوەی مۆنۆمێنتەکە، ئاماژەی بە گرنگیی مۆنۆمێنتەکەو بە دیکۆمێنتکردنی ڕۆژنامەنووسانی کوژراو کردو لە وتەیەکدا وتی "ئاماری ڕۆژنامەنووسانی کوژراو لە عێراق بەداخەوە لە ئاماری ڕۆژنامەنووسانی کوژراو لە جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم و شەڕی ڤێتنامیش زیاترە".

مۆنۆمێنتەکە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا داوا دەکات "هاوکارمان بە لە بە دۆکیومێنتکردنی ژیان و کارەکانی رۆژنامەنووسانی شەهید، لە رێگەی ناردنی زانیاری و وێنە و ڤیدیۆ و بەرهەمە رۆژنامەنووسییەکانیان".