گەوره‌ترین پۆند لە هەولێر دروست دەکرێت

14-09-2024 01:41
کارکردن لە پۆندەکە دەستی پێکردووە.

پەرەگراف

گه‌وره‌ترین پۆندی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دروست دەکرێت و ئەمڕۆ بەردی بناغەی دانرا.

بودجەی پۆندی بنەسڵاوە نزیکەی 4 ملیار دینارەو ماوەی تەواوکردنی 360 ڕۆژە.

پۆندەکە درێژی 360 مەتر و بەرزییەکەى 17 مەترە و توانای کۆکردنەوەی 3 ملیۆن مەتر سێ جا ئاوی باران و کانیاوەکانی ھەیە

پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: پڕۆژەکە ڕۆڵی زۆری دەبێت بۆ ئاوی ژێرزەوی، بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی و پاراستنی ناوچەکە لە لافاو.

هەروەها ناوچەکە دەکاتە ناوچەیەکی گەشتیاریی و کەرتی گەشتیاریی لە دەڤەرەکە دەبووژێنێتەوە.

هەرێمی کوردستان، خاوەنی چەندین پڕۆژەی گلدانەوەی ئاوە، پۆند و بەنداوەکان یەکێکن لەو پڕۆژانەی کە ئاوێکی زۆر گلدەدەنەوە و هۆکارێکن بۆ ڕووبەرووبوونەوەی وشکەساڵی و زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی، نزیکەی 50 پۆند و زیاتر لە 15 بەنداوی گەورە هەن.

بەنداوەکان لە توانایاندایە زیاتر لە 10 ملیار مەتر سێجا ئاو گل بدەنەوە، بەنداوەكانی دووكان و دەربەندیخان گەورەترینیانن و پێکەوە نۆ ملیار و 600 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گل دەدەنەوە و نزیكەی لەسەدا 95ی ئاوی بەنداوەكان پێك دەهێنن.