پارتی بۆ یەكێتی: سەرۆك بارزانی نە ئیشی بە ئێوەیەو نە ڕێگەی بە ڕێگەی ئێوە كەوتووە

19-07-2020 02:33

پەرەگراف

میدیای فەرمیی پارتی هێرشی تووند دەكاتەسەر یەكێتی، لە كاردانەوەو وەڵامی ناوهێنانی مەسعود بارزانی لە بابەتێكی ڕەخنە ئامێزی میدیای یەكێتیدا، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێت "سەرۆك بارزانی نە ئیشی بە ئێوەیە و نە ڕێگەی بە ڕێگەی ئێوە كەوتووە. بۆیە ئەم ناماقووڵیانە دووبارە بكەنەوە دەبێ خۆتان و كاڵفامخانەتان تەحەمولی مەسئولیەت بكەن".

دەستپێكردنی شەڕی نوێی میدیایی نێوان ئەو دوو حیزبە، هاوكاتە لەگەڵ لێدوانێكی ئەمڕۆی فەرید ئەسەسەرد سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كە دەڵێت، بەستەڵەكی نێوان پەیوەندییەكانی یەكێتی‌و پارتی نەماوە.

ئاڵا؛ گەڕێكی دیكەی هەڵمەتی ڕاگەیاندن

بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی هەڵكرانی ئاڵای عێراق لە بازگەیەكی هەرێمی كوردستان لە میحوەری قەرەتەپە، یەكێتی ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووندی ڕاگەیاندن‌و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان كردەوە.

لە كاردانەوەی ڕەخنەكاندا، دوێنێ ماڵپەڕی پیوكەی میدیا كە زمانحاڵی فەرمیی یەكێتییە، لە بابەتێكدا هێرشی كردەسەر چالاكانی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان‌و كەناڵەكانی ڕووداو و كوردستان 24‌و بە كەناڵی "دوو باڵەكەی پارتی"‌و "جووتكەناڵی نەوتیی" ناوی بردن.

پیوكەی میدیا لە بابەتەكەیدا باسلە هەڵكردنی ئاڵای عێراق دەكات "لەپشت سەری بارزانییەكان" ئەوەش لە میانی پێشوازییكردن لە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لەلایەن هەریەكە لە؛ مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی.

"لەكاتی نمایشكردنی خەمخۆری درۆزنانەیان بۆ ئاڵاكەی كوردستان و دژایەتی ئاڵای عیراق، هەرزوو رووی راستەقینەیانی هەڵماڵی و سەردانەكەی رۆژی 17/7/2020 ژان لۆردیان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ هەرێم ئەو دەرزییە بوو كە باڵۆنی فۆتێكراوی میدیای جووتنەوتی رووداو و كەی 24ی تەقاند، كە لەكاتی پێشوازییكردنی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ژان لۆردیان بە هەڵكردنی ئاڵای عیراق دیدار و پێشوازییەكەی كرد" پیوكەی میدیا وادەڵێت.

لە وەڵامی ئەو بابەتەدا ئەمڕۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وەڵامی یەكێتی دایەوە‌و دەڵێت، پیوكەی میدیا هەلی قۆستووەتەوە "ناماقووڵی و زێدەڕۆیی" بەسەر كەسایەتی و دامودەزگەی هەرێم بكات.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕووەو یەكێتی دەڵێت، ئەبێ ئەو مافە بە خەڵكی كوردستان بدەن كە بەرانبەرتان بەدگومان و دوودڵ بن. بۆئەوەش دوو گوتەی هەریەكە لە كۆسرەت ڕەسوڵ‌و قوباد تاڵەبانی باس كردووە كە گوایە بەرامبەر بەشێك لە یەكێتی كردوویانە.

دەقی وەڵامەكەی ئەمڕۆی پارتی

ڕۆژی شەممە 18-7-2020 سایتی (pukmedia) بابەتێكی دابەزاندووە بە ناونیشانی میدیایەك شكستی گەورە بە ئاڵا دادەپۆشێت و گلەیی لە هەندێ میدیا و چالاكوانی فەیسبووك كردووە كە بابەتەكەی هەڵكردنی ئاڵای عێراق لە بازگەیەكی میحوەری قەرەتەپە و سووكایەتیكردنی ئەفسەرانی عێراقی بە پێشمەرگەیان گەورە كردووە. پاشان سایتەكە گلەیینامەكەی تێكەڵ كردووە بە سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و، پێشوازیكردنی سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت لە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، سایتەكە هەلی قۆستووەتەوە ناماقووڵی و زێدەڕۆیی بەسەر كەسایەتی و دامودەزگەی هەرێم بكات.

بەر لەوەی بەڕێوەبەرانی سایتەكە بە هەناسەتەنگی شتەكان تێكەڵ بكەن، ئەبێ ئەو مافە بە خەڵكی كوردستان بدەن كە بەرانبەرتان بەدگومان و دوودڵ بن. دەبێ ئەوە بزانن كە هەموو تاكێكی كورد، هەموو ساتێك، دڵیان لەناو دەستیانە نەوەك بە قەوڵی كاك كۆسرەت كاڵفامێك لە پڕ ببێتە دەڵاڵی فرۆشتنی لایەك لە خاكی نیشتمان. خەڵك بەردەوام چاوەڕێی ئەوەیە بە قەوڵی كاك قوباد كەتنێكی تازەتان لێ ڕوو بدات و خوێنی شەهیدان و ڕەنج و قوربانیدانیان بەر با بدەن. سەبەبی ئەو كاردانەوانە لە كاربەدەستانی خۆتان بپرسن كە بۆ وایان كردووە هاووڵاتیانی كوردستان بەردەوام ترسی ئەوەیان لێ نیشتبێت دەستی حەسەن پلایسێك بگرن بێننە سەر ماڵ و كەرامەتی كورد.

پێتان وایە خەڵك فرمێسكی ئەو پێشمەرگەیە لە یاد دەكات كاتێك بۆ تێكشكاندنی ورە و كەرامەتی پێشمەرگە و خاك دەگریا و دڵی نەتەوە بەو فرمێسكانە هەلاهەلا بوو؟ كورت و كرمانجی كوردستانیان مارانگەز بوونە و متمانەیان بە كۆڵوانەسوور و شاگردی حاج ئاغاكان نییە و ناشبێت. لەبری ئەوەی گلەیی لە خەڵك بكەن، وەرن تۆزێ شەهامەتتان هەبێ و نیشتیمانپەروەر بن. وەرنە بەرەی گەل و نڕەی سوپای جەهل و پلایسەكان دڵ و دەروونتان نەلەرزێنێ.

لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا چیتر ڕێگە بە خۆتان مەدەن زاتی ئەوە بكەن ناوی سەرۆك بارزانی تێكەڵی ئەو بیانووە بێبنەمایانە بكەن. كێشە و گلەییتان لە ڕووداو و كوردستان 24 و فەیسبووك هەیە بڕۆن كێشەكانتان لەگەڵ ئەوان عیلاج بكەن. سەرۆك بارزانی نە ئیشی بە ئێوەیە و نە ڕێگەی بە ڕێگەی ئێوە كەوتووە. بۆیە ئەم ناماقووڵیانە دووبارە بكەنەوە دەبێ خۆتان و كاڵفامخانەتان تەحەمولی مەسئولیەت بكەن.