بافڵ تاڵەبانی دڵنیایی بە مەسعود پزیشکیان دەدات؛ 'پابەندین بە پاراستنی ئاسایشی ئێران'
پەرەگراف
بافڵ تاڵەبانی دڵنیایی بە مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران دەدات کە پابەندن بە پاراستنی ئاسایشی ئێران و ڕێگە نادەن لە هەرێمی کوردستانەوە هێرش بکرێتەسەر ئێران.
تاڵەبانی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پزیشکیان لە سلێمانی، ڕایگەیاند "رێگەنادەین و نامانەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە جێگەیەک بۆ هێرشکردنەسەر سەروەرییەکانی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵکو ئەوەی ئامانجمانە و هەنگاوی بۆ دەنێین فراوانترکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دێرینەکەمانە لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکاندا".
پزیشکیان بەیانیی ئەمڕۆ لە بەغداوە گەیشتە هەولێرو پاشان سلێمانی، ئەوە یەکەمجارە سەرۆککۆماری ئێران سەردانی هەرێم بکات.
یەکێک لە دۆسیە گرنگەکانی کارنامەی سەردانەکەی پزیشکیان، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێرانە کە لە مانگی ئازاری ساڵی 2023 بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرا و خاڵی سەرەکیش تیشک دەخاتە سەر چەکداماڵینی حیزبە کوردیەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کە لە هەرێمی کوردستانن. زیاتر لە ساڵێک بەسەر ئیمزاکردنی ئەو ڕێککەوتنە تێپەڕیوە، ئێرانییەکان گواستنەوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و چەککردنیان و کەمپنشینکردنیان بە گرنگترین بەش لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەزانن.
گوشارەکانی ئێران بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە زیادی، لە ٦ی ئەیلولی ٢٠٢٤ تاک و خێزانەکانی حیزبی کۆمەڵە وەک قۆناغی یەکەمی پڕۆسەی گواستنەوە، لە زڕگوێزەوە گواسترانەوە بۆ سورداش.
"سەردانە مێژووییەکەی بەڕێز پزیشکیان گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ عیراق، هەرێمی کوردستان و بەتایبەت سلێمانی و یەکێتیی، ئەم سەردانە درێژکراوەی پەیوەندییە قووڵ و لەمێژینەکەی نێوان ئێمە و گەلی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە سەرۆک مام جەلال ئەندازیار و بناغەدانەری بووە. لەدیدارەکەمان لەگەڵ بەڕێز پزیشکیان جەختمان لە پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە بەرامبەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت گەلی ئێرانی دۆست و دووپاتمانکردەوە" تاڵەبانی وا دەڵێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی تاڵەبانی، لەبەرامبەردا پزیشكیان ستایشی رۆڵ و پێگەی كاریگەری سەرۆککۆماری کۆچکردوو مام جەلالی كردووە لە بونیادنانی عیراقی نوێ و داڕشتنەوەی سیاسەتێكی حەكیمانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئێران و ئاماژەیان بەوەكرد، "ئێمە رێز لەو پەیوەندییە مێژووییە دەگرین و هیوادارین گەشەی زیاتری پێبدەین، لەبەرامبەر هەوڵ و هەنگاوە نیشتمانییەكانیشتاندا بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی عیراق و هەرێمی كوردستان، هاوكار و پشتیوانتان دەبین".