سەرۆککۆماری ئێران لە هەولێرەوە دەڵێت دەمانەوێت تەواوی ئەو کێشانەی هەن چارەسەریان بکەین

12-09-2024 10:38

پەرەگراف

مەسعود پزیشکیان کە یەکەم سەرۆککۆماری ئێرانە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، ئەمڕۆ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم لە هەولێرەوە ڕایگەیاند، دەیانەوێت تەواوی کێشەکان چارەسەر بکەن.

مەسعود پزیشکیان بە ڕۆژنامەنووسانی وت "لەگەڵ برایانی هەرێمی کوردستان ڕوانگەیەکی هاوبەشمان هەیە و مێژووی هاوبەشمان هەیە، هاتووین پەیوەندییەکانمان بەهێز بکەین و ئەوکێشانەی تا ئێستا هەبوون چارەسەریان دەکەین".

هاوکات نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، وتی "هەمیشە لە کاتە سەختەکاندا لە پشت خۆمان دیوە، هاتنی سەرۆککۆمار کە یەکەم سەرۆککۆماری ئێرانە دێتە هەولێر ڕۆژێکی مێژووییە".

پزیشکیان بەیانیی ئەمڕۆ لە بەغداوە گەیشتە هەولێر، لەگەڵ حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوەو پاشان مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی پێشوازیی لێکردو کۆبوونەوە.

بارەگای بارزانی دەڵێت "بیروڕا لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و هەروەها جەخت لەسەر هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لە بوارە سیاسی و ئابووری و كولتوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران كرایەوە."

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا مەسعود پزیشكیان بە فەرمی بانگهێشتی مەسعود بارزانی كردووە بۆ ئێران.

پزیشکیان دوای هەولێر سەردانی سلێمانی دەکات و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی کۆدەبێتەوەو لەسەر گۆڕی مام جەلال تاجە گوڵینە دادەنێت.