هەفتەی داهاتوو لیستی 'ڕاستكراوە'ـی مووچە ڕەوانەی بەغدا دەكرێت

11-09-2024 05:03

پەرەگراف

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند كە هەفتەی داهاتوو لیستی نوێی "ڕاستكراوە"ـی مووچەخۆران ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەكەن. وەزارەتە پەیوەندیدارەكانیشی ڕاسپارد كە پابەندییەكان تایبەت بە "پلەی وەزیفی و سەرنج و تێبینییەكانی دیكە" بەرانبەر حكومەتی فیدراڵ جێبەجێ‌ بكەن.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا گفتوگۆی دەربارەی ئەنجامەكانی كۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی كوردستان ئەنجام دا. پێشوازیشیی لە بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆبوونەوە هاوبەشەكە كرد.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم جەختی لە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان كردووەتەوە كە "پابەندییەكان بە تایبەتیش بەردەوامبوون لەسەر تەواوكردنی ڕێكارەكانی هێنانە كایەی ژمارەی وەزیفی بۆ ئەو مووچەخۆرانەی تا ئێستا تۆمار نەكراون و ڕەچاوكردنی تێبینی و سەرنجەكانی دیكە" جێبەجێ‌ بكەن.

هەروەها جەخت دەكاتەوە كە "لە نزیكترین دەرفەت لە هەفتەی داهاتوودا، لیستی نوێی ڕاستكراوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و ژمارەی وەزیفییان ڕەوانەی وەزارەتی داراییی فیدراڵ بكرێت و لە بەرانبەردا حكومەتی فیدراڵ تەواوكاریی مووچەی مانگەكانی پێشوو بنێرێت، كە خەرجكردنی ڕاگیرابوو، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی 8 لە هەرێم دابەش بكرێت و ئامادەكاریی پێویستیش بۆ مووچەی مانگی 9 بكرێت".

نوێ‌ دەكرێتەوە...