پەرەگراف- هەڤاڵ زەنگەنە
ئەو ئاوە پاكەی لە دوكانەوە بۆ چەمچەماڵ بەردەدرێتە، دوای گلدانەوەی بەشی پێوستی خەڵكی دۆڵی بازیان، زیاتر لە نیوەی بە قاچاخ و زیادەڕۆیی دەڕوات، بڕێكی زۆر كەمی بە قەزاكە دەگات.
هاوڵاتیانی چەمچەماڵ، یادەوەرییەكی تاڵیان لەگەڵ كەمئاویدا هەیە؛ ساڵانە بەدەست ئەو گرفتەوە گیرۆدەن، بە تایبەت لە وەرزی هاوین و گەرمادا، چونكە هەندێك شوێن بە 10 ڕۆژ جارێك تەنیا دوو كاتژمێر ئاوی پاك بە بۆریی ماڵەكانیاندا دێت.
قەزای چەمچەماڵ، بە ناحیەكانی شۆڕش و تەكیەوە، ژمارەی دانیشتوانیان دەگاتە زیاتر لە 200 هەزار كەس و بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە، پشت بە هێڵی دوەمی بۆری ئاوی دوكان – سلێمانی دەبەستن.
جومعە ئەمین، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی چەمچەماڵ بۆ پەرەگراف وتی "قەزای چەمچەماڵ 17 هەزار هاوبەشی ئاوی هەیە، ناحیەی شۆڕش 16 هەزار هاوبەش و ناحیەی تەكیە شەش هەزار هاوبەشی ئاو، بۆ ئەم خێزانانە پێویستمان بە 50 هەزار مەترسێجا ئاو هەیە لە ڕۆژێكدا".
وەك ئەو ڕونیكردەوە، لە باشترین حاڵەتدا؛ كارەبا نەبڕێت و بۆری نەشكێت؛ بە شەوان لە سلێمانییەوە 24 هەزار مەترسێجا ئاو و لە ڕۆژیشدا شەش هەزار مەترسێجا دەنێردرێت، بە هەمووی دەكاتە 30 هەزار مەترسێجا.
لەو بڕە 12 هەزار مەترسێجا لە دۆڵی بازیان بۆ هاوبەشەكانی ئاو دەڕوات، لەو 18 هەزار مەترسێجایەی دەمێنێتەوە، تەنیا حەوت بۆ هەشت هەزار مەترسێجا ئاو دەگاتە چەمچەماڵ، بەوتەی جومعە ئەمین.
هۆكاری كەمبونەوەی ئاوەكە تا دەگاتە چەمچەماڵ، زۆری زیادەڕۆیی و بە قاچاخ بردن و دواتر كۆنیی بۆری گواستنەوەی ئاوە.
بۆری ئاوی چەمچەماڵ ساڵی 1987 ڕاكێشراوە، تیرەكەی 190 سانتیمەترە، هێڵێكی ستراتیژی گواستنەوەی ئاوە و لە توانایدایە 1500 مەتر چوارگۆشە ئاو بگوازێتەوە.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاو وتی "لە نێوانی تاسڵوجە تا دەگاتە بانی مەقان لە چەمچەماڵ، زیاتر لە 10 هەزار مەترسێجا ئاو بە تەجاوز دەبرێت و دیارنامێنێت، ئەوەش هێندەی بەشە ئاوی شارێكە كە بە زیادەڕۆ لەسەر ئاوی چەمچەماڵ ڕاكێشراوە".
لە 7ی ئەم مانگەدا هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە فەرمانێكی كارگێڕیدا بڕیاریدا بە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ لابردنی هەر زیادەڕۆییەك لەسەر هێڵی ئاوی تاسڵوجە - چەمچەماڵ، ئەو لیژنەیەش دەسەڵاتی تەواوەتی هەیە بۆ بڕینی ڕاستەوخۆی زیادەڕۆییەكان لە هەڵمەتێكی مەیدانییدا لەگەڵ گرتنەبەری ڕێكاریی یاسایی بەرانبەر كەسانی سەرپێچیكار.
ڕەمك ڕەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بۆ پەرەگراف ڕونیكردەوە پێكهێنانی ئەو لیژنەیە دوای ئەوەهات كێشەكەیان گەیاندە هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی پەرلەمان و هەرێم و حكومەت.
لیژنەكە بە سەرۆكایەتی قائیمقامی چەمچەماڵ، ئەندامێـتی بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان، بەڕێوەبەرایتی ئاوی دەوروبەر، پۆلیسی قەزاو ناحیەكان، ئاسایشی ڕۆژئاوا، لیوای 1ی پاراستنی سلێمانی و هێزەكانی پشتیوانی دوو پێكهێنراوە.
قایمقامی چەمچەماڵ وتی "بە لیستێك ناوی شوێنە سەرپێچیكارەكان دیاریكراوە و شوێن بە شوێن بەسەریدا دەچین، زیادەڕۆییەكان دەبڕین و چاوپۆشی لە هیچ كەسێكیش ناكرێت".
ڕەمك ڕەمەزان نەیشاردەوە ئەو هەڵمەتەش كێشەی كەمئاویی ناوچەكە بنەبڕ ناكات، چونكە تەنیا چارەسەر ڕاكێشانی ئاوی هێڵی گۆپتەپە–چەمچەماڵە.
پڕۆژەی ڕاكێشانی هێڵی گۆپتەپە-چەمچەماڵ ساڵی 2013 بۆ كۆمپانیای نۆكان دەرچووە و لەلایەن زانكۆی دهۆكەوە دیزاینی پڕۆژەكە كراوە، تێچووی پڕۆژەكە 130 ملیار دینارە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیراوە.
قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، كۆمپانیای نۆكان ئێستاش ئامادەیە جێبەجێی بكات و كۆمپانیایەكی ئەڵمانیش ئامادەیە بە قیستی درێژخایەنی 15 ساڵ پڕۆژەكە بكات، بەڵام هیچ وەڵامێكی یەكلاكەرەوە لە حكومەتەوە دەستنەكەوتووە.
بەپێی نوسراوێكی كۆمپانیای نۆكان، كە تەمموزی 2019 دەرچووەو كۆپییەكی لای پەرەگراف-ـە، ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ تەواوكردنی پڕۆژەی ئاوی هێڵی گۆپتەپە-چەمچەماڵ.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی چەمچەماڵ، پێیوایە چارەسەری بنەڕەتی ئاو لە سنورەكە، تەنیا بە ڕاكێشانی هێڵی ئاوی گۆپتەپە–چەمچەماڵە، جومعە ئەمین وتی "لە ئێستادا پڕۆژەكە بە 60 ملیار دیناریش جێبەجێ دەكرێت".
.jpg)
قائیمقامی چەمچەماڵ لە بەسەركردنەوەی ئەو شوێنانەی ئاوەكە بە قاچاخ دەبەن