مەكتەبی سیاسیی پارتی: جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و ئازادانە دەكەینەوە

11-09-2024 11:53

پەرەگراف

مەكتەبی سیاسیی پارتی جەخت لە ئەنجامدانی "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و ئازادانە" لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە. پشتیوانیی خۆیشی بۆ "چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ" ڕادەگەیەنێت.

لە پەیامێكدا بەبۆنەی تێپەڕینی 63 ساڵ بەسەر شۆڕشی ئەیلوول، مەكتەبی سیاسیی پارتی داوای "پتەوكردنی هەماهەنگی و هاوگوتاریی سیاسی و هاوهەڵوێستی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان" دەكات، لەپێناوی "چارەسەركردنی گیروگرفتەكان و پاراستنی قەوارەی دەستووری و یاسایی هەرێم و دەسكەوتەكان".

مەكتەبی سیاسیی پارتی "بە هەموو شێوەیەك" پشتیوانی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشە و گیروگرفتەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ "بەتایبەت كێشەی مووچە و بوودجەی هەرێمی كوردستان" ڕادەگەیەنێت، بە مەرجی "جێبەجێكردنی دەستوور و ڕێككەوتنە سیاسی و ئیدارییەكان".

سەبارەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانیش كە بڕیارە لە ٢٠-١٠-٢٠٢٤ ئەنجام بدرێت، مەكتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت "جەخت لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و ئازادانە دەكەینەوە".