بەغدا بڕیاری دا بە خەرجكردنی سەرجەم مووچەكانی هەرێم تا كۆتایی ئەمساڵ

10-09-2024 04:59

پەرەگراف

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە خەرجكردنی سەرجەم مووچە نەدراوەكانی هەرێمی كوردستان و لەسەر خەرجكردنی مووچەكانی دواتریش تا كۆتایی ساڵ بەردەوام دەبێت، كە ئەمە "ڕاسپاردە"ـی كۆبوونەوەكانی دوو ڕۆژی ڕابردووی نێوان هەرێم و بەغدا بووە.

ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا دەنگی دا لەسەر پەسەندكردنی ڕاسپاردەی كۆبوونەوەی هاوبەشی دوێنێی ئەنجوومەنی وزاریی ئابووریی فیدراڵ و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی كوردستان".

بەپێی قسەی سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، ناوەرۆكی ڕاسپاردەكە بریتی بووە لە "ناردنی مووچە ڕاگیراوەكانی هەرێمی كوردستان لە مانگی شوباتەوە تاوەكو ئاب، بەردەوامبوون لەسەر خەرجكردنی مووچەكانی هەرێمی كوردستان تاوەكو كۆتایی ساڵی دارایی 2024".

بەپێی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەیرانی عێراق، وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی حەوتی هەرێم خەرج دەكات و بەردەوامیش دەبێت لە خەرجكردنی مووچەكانی مانگی نۆ تا 12ـی ئەمساڵ. هەروەها مووچەی ئەو مووچەخۆرانە خەرج دەكرێت كە لە مانگەكانی ڕابردوودا بەهۆی كێشەی لیستەوە مووچەكانیان خەرج نەكراوە.

هەردوو ئەنجوومەنى وەزاریى عێراق و ئەنجوومەنى ئابووریى هەرێم، لە كۆبوونەوەكانی 8 و 9ـی ئەم مانگەدا لە هەولێر، سەبارەت بە كێشەی مووچە گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتن، بە جۆرێك كە تا كۆتایی ئەمساڵ كێشەكانی لیستی مووچە و تەوتین بە هەوڵی هەردوولا چارەسەر بكرێن، تا ئەو كاتەیش لەمپەر بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دروست نەكرێت.

وەزارەتى دارایى عێراق بەبێ خەرجکردنى مووچەى مانگى حەوت، مووچەى مانگى هەشتى هەرێمى خەرج کردووە، بەڵام حکومەتى هەرێم بەو پارەیە مووچەى مانگى حەوتى دابەش کردووە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت بە خەرجکردنى پارەى مووچەى مانگى حەوت لەلایەن وەزارەتى دارایى عێراقەوە، حکومەتى هەرێم مووچەى مانگى هەشت دابەش بکات.

بڕیارە لە ماوەى دوو ڕۆژى داهاتوودا وەزارەتى دارایى هەرێم لیستى مووچەى مانگى هەشت ئاراستەى وەزارەتى دارایى عێراق بکات.

لە دوو ڕۆژى ڕابردوودا کۆبوونەوەى باڵاى ئابوورى لە نێوان هەرێم و بەغدا لە هەولێر بەڕێوەچوو، تێیدا بەرپرسانى باڵاى هەردوو لا لە ئەنجووومەنى وەزاریى ئابووریى عێراق و ئەنجوومەنى ئابووریى هەرێم، گفتوگۆى وردیان دەربارەى کێشەکانى مووچە، نەوت، داهاتى دەروازە سنوورییەکان و باج و ڕسومات کرد.

لەو کۆبوونەوانەدا، تەیف سامى، وەزیرى دارایى عێراق، بە بەرپرسانى هەرێمى وتووە کە "هێشتا تێبینیمان لەسەر لیستى مووچە ماوە"، لەوانە بوونى ناوى دووبارە، نەبوونى بایۆمەترى.

تەیف سامی داوایشى کردووە کە لەمەودوا لیستى مووچە هاوشێوەى لیستی مووچەی مانگی حەوت بنێرن، بەوپێیەى ئەو لیستەیان پاكتاو كردووە. جەختیشى کردووەتەوە "بە هیچ شێوەیەك لیستێك قبووڵ ناكەین كە ناوی زیادەی تێدا بێت".

بەپێى میدیاکانى نزیک لە پارتى و سەرۆکى حکومەتى هەرێم، لە کۆبوونەوەکانى دوو ڕۆژى ڕابردوودا، هەرێم و بەغدا لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتوون کە بریتین لە:

- چارەسەركردنی كێشەی مووچە و دابینكردنی مووچەی مانگی هەشت. بڕیارە تاوەكو كۆتایی هەفتە لیستی مووچەی مانگی ئاب ڕەوانەی بەغدا بكرێت و بەغداش لەسەر هەمان لیستی وردبینیکراوى مانگی حەوت، مووچەی مانگی هەشت بنێرێت.

- لیژنەیەكی هاوبەش پێك دەهێندرێت بۆ لابردنی بازگە گومرگییەكانی نێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە لابردنی هەموو بازگەكان بكرێت.

- دوای تێگەشتنی هەردوولا لەسەر بابەتی باجی كۆمپانیاكان، بڕیار درا كە كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان و عێراقیش تەنیا باج بە یەك حكومەت بدەن، تۆماركردنی ناویان لە هەر حكومەتێك بە فەرمی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، ئتر نابێت دوو باج بۆ دوو حكومەت بمێنێت.

- كێشەكانی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان و عێراق سەبارەت بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و مۆڵەت چارەسەر بكرێن، بڕیار درا بۆ ئەو مەبەستە هەفتەی داهاتوو شاندێكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان بچێتە بەغداد.