پەرەگراف
تەندروستی دهۆک تووشبوونی سێ هاووڵاتیی بە پەتای تای خوێنبەربوون ڕاگەیاند.
ئەو سێ هاووڵاتییە لە یەک خێزانن، خوشک و برایەک و دایکیانن، دانیشتووی قەزای بەردەڕەشن، دەرەنجامی پشکنینی تاقیگەیی زانستی پزیشکی دەرکەوتووە کە تووشی پەتاکە بوون و لەژێر چاودێری پزیشکیدان.
تائێستا چەند حاڵەتێکی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە شارەکانی هەرێم تۆمارکراون، مانگی ئایاری ئەمساڵیش حاڵەتێکی گیانلەدەستدان بەوپەتایە لە ئاکرێ تۆمار کرا.
تای خوێنبەربوون، پەتایەكی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و پاشان لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. ساڵانی ڕابردووش ئەو پەتایە لەعێراق و كوردستان بڵاوبووەتەوە و بەهۆیەوە چەند كەسێك گیانیان لەدەستداوە.
نیشانەكانی تای خوێنبەربوون ئەوەیە؛ نەخۆشەكە تووشی تایەكی بەرز و ئازاری هەموو جەستەی دەبێت، بەتایبەت ئازار لە پشت و ملیدا، لەوانەشە نەخۆشەكە تووشی سكچوون و ڕشانەوە ببێت، لە قۆناغەكانی كۆتاییشدا خوێنبەربوون لە دەم و لووت و هەندێك جاریش لە چاو و گوێچكەیەوە دەست پێ دەكات.