پەرەگراف
بەرهەم ساڵح بۆ جاری سێیەم داوای ڕاگرتنی پێشێلكارییەكانی توركیا بۆسەر خاكی عێراق دەكاتو لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا تەئكید لە پاراستنی سەروەریی خاكی وڵاتەكەیو پشتیوانیی نێودەوڵەتی دەكات لەو بارەیەوە.
ئەو هەڵوێستەی سەرۆك كۆماری عێراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بووە لەگەڵ ژن ئێف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا كە بە سەردانێك ئەمڕۆ گەیشتە بەغداد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆكایەتی كۆمار كە وێنەیەكی بۆ پەرەگراف نێردراوە، بەرهەم ساڵح دوپاتیكردووەتەوە كە عێراق بە گرنگییەوە دەڕوانێت لە هەڵوێستی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانی لە پاراستنی سەروەری و سەلامەتی خاكەكەی و ڕاگرتنی پێشێلكارییە سەربازییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق.
هەروەها جەختیكردووەتەوە لە پێویستی چارەسەركردنی كێشە سنورییەكان لە ڕێگەی هاریكاری نێوان هەردوو دەوڵەتی دراوسێ و دووركەوتنەوە لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی تاك لایەنە.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنساش پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ عێراق دەربڕیوە بۆ پارێزگاریكردن لە سەروەری و زامنكردنی سەقامگیریی.
ئەوە سێیەم جارە سەرۆك كۆماری عێراق بە فەرمیی داوای ڕاگرتنی پێشێلكارییەكانی توركیا دەكات، جاری یەكەم بە بەیاننامەیەكی فەرمییو دووەمجاریش 8ی ئەم مانگە بوو لە میانی پێشوازیكردنی لە ژمارەیەك باڵیۆزی وڵاتانی عەرەبی.
ئەوە لەكاتێكدایە شەڕی سەختی نێوان توركیاو پەكەكە لە حەفتانین لە پارێزگای دھۆك بەردەوامەو توركیا لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردووەوە هێرشی ئاسمانیو زەمینی بۆ سەر پەكەكە لە خاكی هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە، سەرباری هۆشدارییەكانی عێراقو دووجار بانگهێشتكردنی باڵیۆزی توركیا لە بەغداد، بەڵام توركیا بنكەی سەربازیی نوێی لە هەرێم داناو هێزی زیاتری وشكانی هێنا.
ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام لەلایەن توركیاوە كراونەتە ئامانجو بۆردومان كراون، ناوەڕاستی مانگی 4ی ئەمساڵیش توركیا لە زینی وەرتێ بارەگایەكی پەكەكەی كردە ئامانجو سێ گەریلا شەهید بوون، هەمانكات بۆردومانی كەمپی مەخموری كردو سێ ژنی دانیشتووی كەمپەكەی شەهید كرد.
لەو هێرشو سنوربەزاندنانی توركیا ئەنجامیان دەدات، هەرێمی كوردستان هەڵوێستی ڕوونی نییە دژی توركیاو بەرپرسانی هەرێم هەركات باسی هێرشەكانی توركیا دەكەن سەرەتا دەڵێن، پێویستە پەكەكە لە خاكی هەرێم بچێتە دەرەوەو گۆڕەپانی شەڕ بەتەواوەتی بگوازێتەوە بۆ باكوری كوردستان.
توركیا لە 1995وە بنكەی سەربازیی لە هەرێمی كوردستان دامەزراندووەو ساڵی 2017 ژمارەی بنكەكانی زیادكردو ساڵی دواتریش هێزێكی زۆری زەمینیی هێنایە ناو خاكی هەرێم كە لە ناوچەكانی بادینانن لە پارێزگای دهۆك، بەپێی ئامارەكان ٢٦ بنكەی و سەدان سەربازی توركیا لە خاكی ھەرێمدان.