بارزانی: ناكرێ خەبات و قوربانیدانی كوردستان لە مووچەدا بچووك بكرێتەوە

09-09-2024 03:33

پەرەگراف

بارزانی بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا جەخت لە "پابەندی بە دەستوور و ڕێككەوتنەكان، ‏دیالۆگ و نیازپاكی" دەكاتەوە. دەشڵێت "ناكرێ خەبات و قوربانیدانی كوردستان لە مووچەدا بچووك ‏بكرێتەوە، یان هەوڵی لێكترازاندنی هەرێمی كوردستان بدرێت".‏

پاش دوو ڕۆژ دانوستان لەگەڵ ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی كوردستان، شاندەكەی ئەنجوومەنی وزاریی ‏ئابووریی عێراق سەردانی مەسعود بارزانیی سەرۆكی پارتیی كرد.‏

بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، شاندی میوان جەختیان لەوە كردەوە كە "چاوپێكەوتن و ‏كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێم سوودبەخش بووە و مەبەستیانە هەموو لایەك لە كەشێكی پڕ لە ‏متمانە و بە تێڕوانینێكی شەفاف و بنیاتنەر، بگەنە لێكتێگەیشتنێكی تەواو لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان ‏و لابردنی كۆسپەكان".‏

مەسعود بارزانی لە كۆبوونەوەكەدا بە شاندەكەی عێراقی وتووە "ناكرێ لەبری ڕێزگرتن لە داواكانی گەلی ‏كوردستان و قەرەبووی ئەنفال و كیمیاباران، هەوڵی ئەوە بدرێت دۆزێكی مێژوویی و خەبات و قوربانیدانی ‏بێهەژماری كوردستان، لە بابەتی مووچەدا بچووك بكرێتەوە، یانیش هەوڵی لێكترازاندنی هەرێمی كوردستان ‏بدرێت".‏

بارزانی جەختیشی لەوە كردووەتەوە كە "باشترین ڕێگە بۆ نەهێشتنی كێشەكان، گرتنەبەری شێوازی ‏لێكتێگەیشتن و دیالۆگی نێوان حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستانە".‏

‏"بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، پێویستە هەموومان بۆ دەستوور بگەڕێینەوە و لەگەڵ ئەوەشدا پابەندی ئەو ‏ڕێككەوتنە سیاسییە بین كە لایەنەكانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت لەسەری ڕێك كەوتوون"، سەرۆكی ‏پارتی وای وتووە.‏

مەسعود بارزانی "پێزانینی بۆ ڕۆڵ و هەوڵەكان"ـی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق دەربڕیوە ‏لەپێناو "نەهێشتنی كۆسپەكان و چارەسەركردنی گرفتەكان"، ئەوەشی دووپات كردووەتەوە كە "لەپاڵ ‏پابەندبوون بە دەستوور و ڕێككەوتنە سیاسییەكان، پێویستە نیازپاكی و ئیرادەیەكی ڕاستەقینە بۆ چارەسەری ‏كێشەكان هەبێت".‏