هەرێم و بەغدا لەسەر چەند خاڵێك ڕێككەوتن؛ بەزوویی لیستی مووچەی مانگی هەشت ‏دەنێردرێت

09-09-2024 01:59

پەرەگراف

بۆ دووەم ڕۆژ كۆبوونەوەكانی نێوان شاندەكەی حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم لە ‏هەولێر بەردەوامە. لەبارەی ژمارەیەك بابەتەوە هەردوولا گەیشتوونەتە "ڕێككەوتن" و ‏وەزارەتی دارایی هەرێمیش لیستی مووچەی مانگی هەشت ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق ‏دەكات.‏

پاش كۆبوونەوە فراوانەكەی هەردوو ئەنجوومەنی وزاریی ئابووریی عێراق و ئەنجوومەنی ‏ئابووریی هەرێمی كوردستان، هەر لە دوێنێوە كۆبوونەوەی چڕ و پڕ بە تایبەتیش لە نێوان ‏وەزارەتی دارایی هەردوولا دەستی پێ‌ كردووە و بەردەوامە.‏

بەپێی میدیای نزیك لە سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ڕێككەوتن لەبارەی ژمارەیەك بابەتەوە ‏كراوە پەیوەست بە مووچە، وەبەرهێنان، باج و گومرگ.‏

سەبارەت بە مووچە، وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی مانگی هەشتی ‏ئامادە كردووە و "ئەمڕۆ یان سبەی" ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراقی دەكات. میدیای ‏نزیك لە سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەشڵێت "ڕێككەوتن لەبارەی مووچەوە كراوە"، بەڵام ‏هیچ زانیارییەكی لەوباریەوە نەخستووەتە ڕوو.‏

هەروەها هەردوولا ڕێككەوتوون كە "كۆمپانیاكان تەنیا باج بە یەك حكومەت بدەن، یان ‏حكومەتی عێراق یان هەرێمی كوردستان، واتا نابێت باجی دوولایەنە بمێنێت".‏

هەرێم و بەغدا لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش ڕێككەوتوون بۆ "لادانی بازگەكانی ‏گومرگ لە نێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق"، كە ئەو بابەتە یەكێكە لە كێشە ‏سەرەكییەكانی بازرگانان.‏

بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی وەبەرهێنانیش لە نێوان هەردوولا، ڕێككەوتوون كە "هەفتەی ‏داهاتوو شاندێكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات" و ‏گفتوگۆی ورد لەوبارەیەوە بكرێت.‏

بەهۆی زۆریی دۆسیەكان و وردەكاریی كێشەكان، گفتوگۆی ورد لەبارەی بابەتەكانی مووچە، ‏نەوت، داهاتی دەروازە سنوورییەكان و باج و ڕسومات بەردەوامە و ئەگەریشی هەیە ‏كۆبوونەوەكان بۆ سبەینێ درێژ بكرێنەوە، یاخود بە لیژنەی تایبەتمەندی هاوبەش ‏بسپێردرێن.‏