ڕاگەیەندراوی هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێم لەسەر كۆبوونەوەكەی هەولێر

08-09-2024 08:41

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی عێراق گفتوگۆكانی ئەمڕۆی هەولێر بە "هەلێكی مێژوویی بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی ‏هاوبەش" ناو دەبات، هاوكات جەخت لەسەر "دابەشكردنی دادپەروەرانەی داهاتی نەوت و دەروازە ‏سنوورییەكان" دەكاتەوە. وەزارەتی دارایی هەرێمیش دەڵێت "كۆبونەوەكە لە كەشێكی ئەرێنیدا بەڕێوە چووە و ‏چاوەڕوان دەكرێت دەرئەنجامەكانی لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێم بێت".‏

هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و عێراق ڕاگەیەندراویان لەسەر كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وزاریی ‏ئابووریی عێراق و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێم بڵاو كردەوە، كە تێیدا گفتوگۆی چڕ و پڕ دەربارەی "مووچە، ‏بودجە، دەروازە سنوورییەكان، هەماهەنگیی گومرگی و باج" كراوە.‏

وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت "گفتوگۆكان لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكومەتی عێراقە بۆ پتەوكردنی ‏هاوكاریی نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و هەرێمی كوردستان". بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێمی ‏كوردستانیش، "هەردوو لا هاوڕا بوون كە میكانیزمی هاوبەش بۆ چارەسەری كێشەكان بدۆزرێنەوە".‏

وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوە كردووە، لە گفتوگۆكاندا كە سبەینێش بەردەوام دەبن، تیشك دەخرێتە ‏سەر "ئامرازەكانی پتەوكردنی هاوكاریی دارایی نێوان هەردوولا و گەیشتن بە چارەسەرێكی بەردەوام بۆ پرسە ‏داراییە هەڵپەسێردراوەكان".‏

‏"وەزیری دارایی جەختی لەوە كردووەتەوە، ئەمجۆرە گفتوگۆیانە هەلێكی مێژووییە بۆ بەدیهێنانی ‏بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان هەردوو حكومەتی فیدڕاڵی و هەرێمی كوردستان، هەروەها جەختی لە ‏بەهێزكردنی پەیوەندیی هاوكاریی نێوان هەردوولا و گەیشتن بە چارەسەریەكی بەردەوام بۆ پرسە داراییە ‏هەڵپەسێردراوەكان كردووەتەوە"، وەزارەتی دارایی عێراق وا دەڵێـت.‏

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، جەختی لەوە كردووەتەوە كە "ڕێككەوتن لەسەر میكانیزمێكی ‏دادپەروەرانە بۆ دابەشكردنی داهاتی نەوت و دەروازە سنوورییەكان، یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرزكردنەوەی ‏متمانە و سەقامگیریی ئابووری لە وڵاتدا".‏

وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا لەبارەی كۆبوونەوەكەوە دەڵێت "كۆبوونەوەكە لە ‏كەشێكی ئەرێنی و بەرپرسیارانەدا بەڕێوە چوو، هەردوو لا هاوڕا بوون لەسەر چارەسەری كێشە ‏هەڵپەسێردراوەكان بەتایبەت ئەو كێشانەی ڕەهەندی دارایی و و ئابوورییان هەیە، لەسەر بنەمای یاسا و ‏دەستوور".‏

وەزارەتی دارایی هەرێم لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی كە بڕیارە كۆبوونەوەكان سبەی دووشەممەیش درێژەی هەبێت، ‏دەشڵێت "چاوەڕوان دەكرێت دەرئەنجامەكانی لە بەرژەوەندیی فەرمانبەران و مووچەخۆران و خانەنشیان بە ‏گشتی و هەرێمی كوردستان بێت".‏