پەرەگراف
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا چەند پەیڕەوێكی یاسای چاكسازیی پەسەند كرد، لەوانە؛ پەیڕەوی ناوخۆیی بۆ سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێمو پەیڕەوی تایبەت بە مەرجەكانی دامەزراندن بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی و بەرەو ژوور.
ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی حكومەت
ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/7/15 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بەشداربوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن ، كۆبوونەوەی هەفتانەی ئاسایی خۆی لە ڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە ئەنجامدا.
لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، لە چوارچێوەی هەنگاوە كردارییەكانی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری (پەیڕەوی ناوخۆیی بۆ سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێم) خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ پەیڕەوەكەی پەسەند كرد، كە مەبەستی سەرەكی لەم سندوقەش زامنكردنی مافی خانەنشینانی هەرێمی كوردستانە لە گشت بوارەكانی وەزیفە، بەپێی ئەم پەیڕەوە داهاتی سندوقەكە تەنیا بۆ شایستەی دارایی خانەنشینان خەرج دەكرێت، سندوقەكەش ئەنجومەنێكی بەڕێوەبردنی دەبێت لە نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەكان.
پاشان ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران هەر لە چوارچێوەی پەیرەوەكانی تایبەت بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی (پەیڕەوی تایبەت بە مەرجەكانی دامەزراندن بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی و بەرەو ژوور) سەرەڕای مەرجە گشتیەكانی دامەزراندن لە وەزیفەی گشتیی خستەڕوو. پاش گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە بە كۆی دەنگ پەیڕەوەكە پەسەند كرا، كە مەبەستی سەرەكی لەم پەیڕەوەش ڕەچاوكردنی هەبوونی بڕوانامە و شارەزایی و لێهاتوویی ئەو كەسانەیە كە ئەو پلە وەزیفیانە پڕدەكەنەوە و ڕۆڵی سەركردایەتی كارگێڕیی دیاریان هەیە لە بەڕێوەبردنی ئەرك و چالاكییەكانی وەزارەتەكان وەك كەسانی پیشەیی و تەكنۆكرات.
ئینجا پرۆژە یاسای نوێی فرۆشتن و بە كرێدانی مایەكانی دەولەت لە لایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان خرایە ڕوو و دواتر بە كۆی دەنگ پەسەند كرا.
پاشان بڕیار لە سەر پێشنیاری هاوبەشی هەردوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو درا تایبەت بە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی جێبەجێكردنی یاسای ڕێكخستنی مافی ڕەفتاركردن لەسەر زەویوزاری كشتوكاڵی ژمارە (1)ی ساڵی 2008 تایبەت بە قەرەبووكردنەوەی ئەو جووتیارانەی كە مەرج وپێداویستیەكانی هاتوو لە یاسای ئاماژەپێدراویان تێدایە و تا ئێستا مامەڵەی قەرەبووكردنەوەكانیان ڕایی نەكراوە، ئەویش لە دوای ووردبینی دۆسیەكان و دڵنیابوون لە هەبوونی مەرجە یاساییەكان، بەم جۆرە كێشەی بەشێكی زۆر ئەو هاووڵاتیانە چارەسەر دەبێت كە بە شێوەی كارت و بە پێی شایستەبوون زەویان پێدراوە لە ساڵانی پێشوو بەڵام تا ئیستا لە فەرمانگەكانی تاپۆ بەناویان نەكراوە، دەرفەتیش دەدات بەو هاووڵاتیانەی یەكەی نیشتەجێبوونیان لە پڕۆژەكان كڕیوە، بە فەرمی بەناوی خۆیان بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەزیرەكانی (شارەوانی وگەشتوگوزار، كشتوكاڵ وسەرچاوەكانی ئاو، داد) ڕاسپێردران پەلە بكەن لە ڕاییكردنی مامەڵەی یاسایی ئەو هاووڵاتییانە.