مەسروور بارزانی: هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی فیدراڵییە و دەبێت لەم چوارچێوەیەدا ڕەفتاری لەگەڵ ‏بكرێت

08-09-2024 04:45

پەرەگراف

لە كۆبوونەوەی نێوان هەردوو ئەنجوومەنی وزاریی ئابووریی هەرێم و عێراق، مەسروور بارزانی ڕایگەیاندووە ‏‏"پێویستە حكومەتی فیدراڵ بە شێوەیەكی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەموو بەشەكانی عێراق بكات و ‏حكومەتی هەموو ناوچە و پارێزگاكان بێت، وەك چۆن داكۆكی لە مافی هاووڵاتییانی بەسرا و بەغدا دەكات، بە ‏هەمان شێوە پێویستە بەرگری لە مافەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستانیش بكات".‏

پاش شەش كاتژمێر لە دەستپێكردنی، كۆبوونەوەكانی یەكەم ڕۆژی ئەنجوومەنی وزاریی ئابووریی عێراق و ‏ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی كوردستان لە هەولێر كۆتایی هات، سبەینێش كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن.‏

كۆبوونەوەكان بۆ گفتوگۆ لەبارەی چارەسەكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدایە و ‏ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت "جەخت لە ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان ‏كرایەوە".‏

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە ‏دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا وتوویەتی "ئەگەر خواست و ویستی چارەسەر هەبێت، چارەكردنی كێشەكان ئاسانە و ‏پێویستە ڕێزگرتن لە دەستوور و ڕێككەوتنەكان بنەما بێت بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشە و ناكۆكییەكان".‏

هەروەها جەختی لەوە كردووەتەوە كە "هەرێمی كوردستان، هەرێمێكی دەستووریییە و دەبێ ڕێز لە قەوارەی ‏فیدراڵیی هەرێم بگیرێت و لەم چوارچێوەیەدا ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت".‏

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت "د. فوئاد حسێن، جێگری سەرۆكوەزیرانی فیدراڵ و سەرۆكی ئەنجوومەنی ‏وەزاریی عێراق بۆ ئابووری، هاوڕابوو لەسەر گرنگی و پێویستیی چارەكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەسەر ‏بنەمای دەستوور. وتیشی: هاتنی ئەم شاندە باڵایە بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانە".‏

لە كۆبووەنەوەكەی ئەمڕۆدا، لیژنە پەیوەندیدارەكانی هەردوولا بە جیا لەسەر تەوەرەكان كۆبوونەتەوە و ‏گفتوگۆی بەرفراوانیان كردووە.‏

‏"كۆبوونەوەكانیش لە كەشێكی ئەرینێیدا بەڕێوە چوون، كە تێیدا بە شێوەیەكی ڕاشكاوانە بیروڕا لەبارەی ‏چارەسەكردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور ئاڵوگۆڕ كرا و بڕیارە كۆبووەنەوەكانیش بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ‏بەردەوام بن"، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم وا دەڵێت.‏