پەرەگراف
بێهزاد خوسرەوی پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوەو دەڵێت: خۆم تەسلیمی ئێران بوومەتەوەو حاڵم باشە.
خوسرەوی کە چوونەوەی بۆ ئێران مشتومڕی دروستکرد و تۆمەتی ئەوە ئاڕاستەی ئاسایشی سلێمانی کرا کە ڕادەستی ئێرانی کردبێتەوە، ئەوە ڕەت دەکاتەوەو دەڵێت: خۆم ڕادەستی ئێران کردەوەو "حیزبی دیموکرات هیچ کۆمەکی بە من نەکرد".
ڤیدیۆی خوسرەوی کە لە ئینستاگرامی خۆی وەرگیراوە
پێشتر دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند "بێهزاد خوسرەوی مۆڵەتی مانەوەی نەبووە، پەیوەندیی بە كاری سیاسییەوە نەبووە و لەسەر داوای خۆی گەڕێندراوەتەوە بۆ ئێران"، بەڵام حیزبی دیموكراتی کوردستانی ئێران وتی "مۆڵەتی مانەوەی هەبووە، ئەندامی حیزبی دیموكرات بووە و ڕادەستی ئیتڵاعاتی سنە كراوە".
بەپێی ڕوونكردنەوەی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بێهزاد خوسرەوی دوای دەستگیركردنی "داوای گەڕانەوەی بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران كردووە، ئاسایشی سلێمانیش بەڵێننامەیەكی یاسایی پێ واژوو كردووە و دواتر ڕێكارە یاساییەكانی گەڕانەوەی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی پارێزگای سلێمانییەوە بۆ جێبەجێ كراوە".
بەڵام حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران وتی، بێهزاد خوسرەوی "ڕادەست"ـی كۆماری ئیسلامیی ئێران كراوە و "مەحكووم"ـیشی کرد، وتیشی "دۆسیەی گرتنی بێهزاد دەبوا بەپێی یاسا لە دەزگای دادی هەرێمی كوردستاندا بڕیاری لەسەر درابا، نەك ناوبراو كە ئەندامی حیزبێكی سیاسیی دژبەری كۆماری ئیسلامی و پەناخوازی سیاسیی نیشتەجێ لە هەرێمی كوردستانە، لەلایەن دەزگای ئاسایشی سلێمانییەوە ڕادەستی كۆماری ئیسلامیی ئێران كرابا".