كۆبوونەوەی باڵای هەرێم و بەغدا لەسەر كێشە دارایی و ئابوورییەكان ‏دەستی پێ‌ كرد

08-09-2024 09:53

پەرەگراف

كۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری عێراق و ئەنجوومەنی ‏ئابووریی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر دەستی پێ‌ كرد. مافە ‏دەستوورییەكان، شایستە داراییەكان و كێشە هەڵپەسێردراوەكان تەوەری ‏سەرەكیی كۆبوونەوەكە دەبن.‏

شاندی باڵای ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق پێكهاتووە لە فوئاد ‏حسێن، سەرۆكی ئەنجوومەنەكە و جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەمەد ‏تەمیم، جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق، تەیف سامی، ‏وەزیری دارایی عێراق، عەلی عەللاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق و ‏چەندین بەرپرسی باڵای دیكە.‏

لە هەرێمی كوردستانیش، مەسروور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، سەرۆك و ‏جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ئاوات شێخ جەناب، وەیری دارایی و ‏ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و چەندین وەزیر و بەرپرسی باڵای دیكەی ‏حكومەتی هەرێم لە كۆبوونەوەكەدا بەشدارن.‏

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارتی دارایی عێراق، لە كۆبوونەوەكەدا "بابەت و ‏پرسە ئابووری و داراییەكان بە تایبەت مافە دەستوورییەكانی هەرێم، ‏شایستە داراییەكانی هەرێم، سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوە ‏پەیوەندیدارەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان ‏گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت".‏

وەزارەتی دارایی عێراق دەشڵێت "ئامانجی سەردانی شاندەكەی عێراق و ‏كۆبوونەوەكە، بەهێزكردنی هاوكارییە ئابووری و داراییەكانی نێوان ‏هەردوولا، چارەسەركردنی كێشەكان، پەرەپێدانی پەیوەندییەكان بە جۆرێك ‏كە لە خزمەتی گەلی عێراقدا بێت".‏