ئاوی زێی گەورە دەگەیەندرێتە هەولێر؛ 'هەولێر تا ٣٠ ساڵی دیکە لە کەمئاوی ڕزگاری دەبێت'

08-09-2024 09:13

پەرەگراف

مەسرور بارزانی بەردی بناغەی کارکردنی لە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی ئاو ڕاگەیاند کە بە تەواوبوونی شاری هەولێر تاوەکو ٣٠ ساڵی دیکە لە کەمئاوی ڕزگاری دەبێت.

پڕۆژەکە دابینکردنی نیوملیۆن مەترسێجا ئاوی خواردنەوەیە کە پێداویستی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس دابین دەکات بەپێی ستانداردە جیهانییەکان، پڕۆژەکە وەرگرتنی ئاوە لە زێی گەورە بە توانای ٢٠ هەزار مەترسێجا لە کاتژمێرێکدا، پاشان گواستنەوەی بۆ خاوێنکردنەوە بە چەندین پڕۆسەی جیاواز بە بەکارهێنانی ٢٠ عەمباری گەورەی ئاو، دواتر ئاوەکە بە خاوێنیی دەگەندرێتە دانیشتوانی هەولێر.

ساڵانە لە وەرزی هاویندا هەولێر ڕوبەڕوی کێشەی کەمئاوی دەبێتەوە، ئەمساڵیش لە چەندین گەڕەکی ئەو شارە هاوڵاتییان خۆپیشاندانیان کرد بەهۆی کەمئاوییەوەو ڕەخنەی تووندیان لە حکومەتی هەرێم گرت کە توانای چارەسەری کێشەکەی نییە.

سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە وتارێکدا وتی، پڕۆژەکە یەکێکە لە پێویستترین و گرنگترین پڕۆژەکانی کوردستان، "بە قەبارەیەک ئاو دەگەیەنێتە شاری هەولێر، تاوەکو نزیکەی 30 ساڵی دیکە، هەولێر کێشەی کەمئاوی نابێت. داوام کردووە هاوتەریب لەگەڵ ئەم پڕۆژەیەدا، تۆڕی ناوخۆیی ئاو لە گەڕەکەکانیش ڕێک بخرێتەوە تاوەکوو بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، بتوانرێت ئاو بە هەموو گەڕەکەکانی هەولێر بگەیەندرێت".

پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای ناوخۆیی هێمن گروپ جێبەجێ دەکرێت کە سەرۆکی حکومەت وەسفی کارەکانیانی کرد لە ڕووی کوالێتی و خێرایی جێبەجێکردن، بودجەی پرۆژەکە ٤٧٩ ملیۆن دۆلارەو بڕیارە لە ٥٥٠ ڕۆژدا تەواو بکرێت.

مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، پڕۆژەیەکی دیکەی ئاو بۆ سنووری قۆشتەپە و گوندەکانی دەوروبەری دەست پێ دەکرێت کە ئاو لە زێی بچووک دەگەیەنێتە ئەو دەڤەرە، "بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژانەش سەدان بیری ئاو دادەخەین، ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ بووژاندنەوەی ئاوی ژێرزەوی".

سەرۆکی حکومەت وتیشی، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە هەرچی زووە دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ریسایکلینی ئاو بکرێت "واتا کار بۆ بەکارهێنانەوەی ئەو ئاوە بکرێت کە لە شاری هەولێر دەردەچێت؛ بەمەش ڕێگە لە پیسبوونی ژینگەو ئاوی ژێرزەوی دەگرین و ئاوەکە بۆ بواری پارک و سەوزایی بەکار دەهێندرێتەوە".