پەرەگراف
لەگەڵ هەڵكشانی ئامارەكانی كۆرۆنا لە هەرێم، وەزارەتی تەندروستی پلانی نوێی بۆ چارەسەری تووشبووانو كەرەنتینكردنی ئەو كەسانە هەیە كە لە دەرەوە دەگەڕێنەوە، هەفتەی داهاتووش لە تەندروستی جیهانییەوە ئامێری ئۆكسجینو پێداویستی پزیشكی دەگاتە هەرێم.
د.محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بۆ پەرەگراف وتی "بارودۆخەكە زۆر خراپەو ژمارەی تووشبووان زۆر زیاترە لەوانەی چاك دەبنەوە، ئەمە كاریگەریی لەسەر پڕبوونی نەخۆشخانەو كەمبوونەوەی پێداویستی پزیشكیو كیتی پشكنینو ماندووبوونی كارمەندو پزیشكان هەیە، ئەمانە پێوەرن كە دۆخەكە زۆر خراپە".
لەبارەی پڕبوونی نەخۆشخانەكان لە ئێستادا، د.محەمەد قادر وتی "شوێن هەیە، بەڵأم پلانمان هەیە ڕێنمایی نوێ دەربكەین سەبارەت بە كەرەنتینو چارەسەركردن لە ماڵەوە، ئەگەر قبوڵ بكرێت لەلایەن لیژنەكانی وەزارەتی تەندروستی دەكەوێتە بواری جێبەجێ كردنەوە".
وەك وتەبێژەكەی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی پێكرد، پلانەكەیان بەو ئاڕاستەیە كە ئەو تووشبووانەی حاڵەتەكانیان سووكو بێ نیشانەن لە ماڵەوە چارەسەر وەربگرنو نەچنە نەخۆشخانەو ڕێنمایی تەندروستییان پێ بدرێت.
"هەروەها بۆ ئەو كەسانەی لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە دوای پشكنین لە ماڵەوە كەرەنتین بكرێنو چاودێریی بكرێن، كەرەنتینكردنی كەسێك كە لە دەرەوە گەڕابێتەوە كاتێك دەبێت كە وڵاتەكە حاڵەتی تێدا نەبێت، بۆئەوەی بڵاونەبێتەوە، بەڵام لە ئێستادا خۆمان لە ئاستێكی بەرزی مەترسیداین كەرەنتینەكردنی هاوڵاتییان لە لایەن حكومەتو لە شوێنی تایبەت تێچوو و ماندووبوونی زۆری دەوێت و ئەو سوودەی پێشتری نابێت".
بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی، كۆی گشتی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لە هەرێم گەیشتووەتە ٩ ھەزارو ٤٥٥ كەس، لەو ژمارەیە ٣ ھەزارو ٣٧٨ كەسیان چاكبوونەتەوەو ٣٢٦ گیانیان لەدەستداوە، ٥ ھەزارو ٧٥١ تووشبووش لە نەخۆشخانەكاندان.
لە وەڵامی پرسیاری پەرەگراف لە بارەی ژمارەی ئامێری هەناسەدانی دەستكردو ڕێژەی ئەو نەخۆشییانەی پێویستیان بەو ئامێرە هەیە، د.محەمەد قادر ئەوەی خستە ڕوو، تا ئێستا ژمارەی ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بەو ئامێرە هەبووە لە یەككاتدا لە 30 كەس تێپەڕی نەكردووە لەسەر ئاستی هەموو هەرێمی كوردستان، ئەوە لەكاتێكدایە لە هەرێم 200 ئامێری هەناسەدانی دەستكرد هەیە.
"بەڵام ئامێرەكە دیوێكی بابەتەكەیە، ئەو سەرچاوە مرۆییەی پێویستە لەگەڵ ئامێرەكەبێت وەك پزیشكو كارمەندی ڕاهێنراو، ئەمانە ڕەنگە لە داهاتوودا لەو ڕووەوە كێشەمان بۆ دروست ببێت، بایی ئەوە كارمەندمان نییەو لەكاتی پێویستدا دەبێت سوود لە كارمەندی دیكە وەربگرینو ڕاهێنانیان پێ بكەین".
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی باسی لەوەش كرد، لەگەڵ ئەوەی حكومەتی ناوەندیی هاوكاری هەرێمی كردووە، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیش هاوكاریی تایبەت ڕەوانە دەكات.
"ئامێری ئۆكسجین(ئۆكسجین كۆنسێنترەیتەر) كە جیاوازە لە هەناسەدانی دەستكردو لە قاوشەكان دادەنرێت بۆئەوەی نەخۆشەكان سوودی لێ ببینن لە لایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە بۆ هەرێم دابینكراوەو بڕیاروایە 18ی مانگ بگاتە كوردستان، ئەو ئامێرانەو كۆی پێداویستییە پزیشكییەكان هەمووی 4 تەنەو كەلوپەلی خۆپارێزیو كەرەستەی پشكنینیش لەخۆدەگرێت" د.محەمەد قادر وای وت.