حیزبی دیموكرات پاساوەكانی ئاسایش بۆ 'ڕادەستكردن'ـی ئەندامێكی بە ئێران ڕەت دەكاتەوە

07-09-2024 11:07

پەرەگراف

لە وەڵامی دەزگای ئاسایشی هەرێمدا كە دەڵێت "بێهزاد خوسرەوی مۆڵەتی مانەوەی نەبووە، پەیوەندیی بە كاری سیاسییەوە نەبووە و لەسەر داوای خۆی گەڕێندراوەتەوە بۆ ئێران". حیزبی دیموكرات دەڵێت "مۆڵەتی مانەوەی هەبووە، ئەندامی حیزبی دیموكرات بووە و ڕادەستی ئیتڵاعاتی سنە كراوە".

بەپێی ڕاگەیەندراوی ناوەندی تەشكیلاتی حیزبی دیموكرات، بێهزاد خوسرەوەی كە لە شاری سلێمانی نیشتەجێ‌ بووە، "لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا لەلایەن دەزگای ئاسایشی حكوومەتی هەرێمەوە لەم شارە، دوو جار بانگ كراوە و جاری دووەم دوای چەند ڕۆژ بەندكردن و ڕاگرتن، ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە كراوە".

بەڵام دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت "هاووڵاتی (بێهزاد خوسرەوی) لەلایەن ئاسایشی سلێمانی لەناو شاری سلێمانی دەستگیر كراوە، لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەركەوت كە مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبونی هەرێمی كوردستانی نییە و پەیوەندیی بە كاری سیاسییەوە نییە".

حیزبی دیموكرات لە وەڵامدا دەڵێت "پێچەوانەی ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەی دەزگای ئاسایشدا هاتووە، بێهزاد خوسرەوی ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لەگەڵ دایك و خوشكی لە هەرێمی كوردستان لە شاری سلێمانی دەژین و بەپێی هەموو بەڵگە بەردەستەكان، لە نشینگەی شاری سلێمانی ئیزنی مانەوە و نیشتەجێبوونیان وەرگرتووە و مانەوەیان لەو شارە یاسایی و بەپێی ڕێوشوێنەكانی حكوومەتی هەرێم بووە".

بەپێی ڕوونكردنەوەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بێهزاد خوسرەوی دوای دەستگیركردنی "داوای گەڕانەوەی بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران كردووە، ئاسایشی سلێمانیش بەڵێننامەیەكی یاسایی پێ واژوو كردووە و دواتر ڕێكارە یاساییەكانی گەڕانەوەی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی پارێزگای سلێمانییەوە بۆ جێبەجێ كراوە".

بەڵام حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دەڵێت، بێهزاد خوسرەوی "ڕادەست"ـی كۆماری ئیسلامیی ئێران كراوە و "مەحكووم"ـیشی دەكات. دەشڵێت "دۆسیەی گرتنی بێهزاد دەبوا بەپێی یاسا لە دەزگای دادی هەرێمی كوردستاندا بڕیاری لەسەر درابا، نەك ناوبراو كە ئەندامی حیزبێكی سیاسیی دژبەری كۆماری ئیسلامی و پەناخوازی سیاسیی نیشتەجێ لە هەرێمی كوردستانە، لەلایەن دەزگای ئاسایشی سلێمانییەوە ڕادەستی كۆماری ئیسلامیی ئێران كرابا".

"وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی لەو ڕووداوە، داوای زانیاری و ڕوونكردنەوەی پتر لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەكان و هەروەها بەدواداچوونی یاسایی بۆ ئەو بابەتە دەكەین"، حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران وا دەڵێت.