پەرەگراف
دەزگای چاودێر "ئیدانە"ـی دەستبەسەرداگرتنی بینای دەزگاكەی لەلایەن هێزێكی كۆماندۆوە دەكات و بە "پێشهاتێكی مەترسیدار" ناوی دەبات. دامەزراوەی دارایی یەكێتیش دەڵێت "موڵكی یەكێتییە و خاوەنەكەی پەیوەندیی بە یەكێتییەوە نەماوە، بۆیە لێی وەرگیراوەتەوە".
ئێوارەی ئەمڕۆ هێزێكی كۆماندۆ چووەتە سەر دەزگای ڕۆشنگەریی چاودێر و بنكەی ڕوناكبیریی گەلاوێژ لە گردی ئەندازیاران لە شاری سلێمانی و دەستی بەسەردا گرتووە.
دەزگای چاودێر لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت "كاتژمێر 5ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، هێزێكی كۆماندۆ چوونە سەر بارەگای سیاسەتمەدار و ڕۆشنگەر (مەلا بەختیار) و دەزگای ڕۆشنگەریی چاودێر و بنكەی ڕوناكبیریی گەلاوێژ".
دەزگاكە دەشڵێت "هێزەكە پاسەوانەكانی دەزگای چاودێریان ئینزن داوە و دەستیان بەسەر تەواوی كەلوپەلی دەزگاكەدا گرتووە".
"ئێمە وەكو تۆڕی ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر، سەركۆنەی ئەو كردەوەیە دەكەین و ئەم كارە بە پێشهاتێكی مەترسیدار بۆ سەر ئازادیی نووسین، ئازادیی بیروڕا، ئازادی ویژدان دەزانین".
هاوكات دامەزراوەی دارایی یەكێتیی نیشتمانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕایدەگەیەنێت "بارەگای دامەزراوەی چاودێر كە موڵكی یەكێتییە و سەرجەم پێداویستییەكانی لەلایەن دامەزراوەی داراییەوە دابین كرابوو، كە ئێستا لێپرسراوەكەی پەیوەندیی بە یەكێتییەوە نەماوە، وەرگیراوەتەوە".
دارایی یەكێتی دەشڵێت "بیناكە بەكار دەهێنرێت بۆ ڕاپەڕاندنی ئەركە ڕێكخراوەییەكان و شوێنەكە تەرخان دەكرێت بۆ دامەزراوەیەكی تر كە خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی و گەشەپێدانی سلێمانی و خەڵكەكەی بكات".