فەرمانی دەستگیركردن بۆ سۆران عومەر دەرچوو

12-07-2020 07:05

پەرەگراف

دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی دەركردو داوا لە گشت ئەندامانی پۆلیس دەكات دەستگیری بكەن‌و بیدەنە دادگاكەیان.

یاداشتی دەستگیركردنەكە ئەمڕۆ دەركراوەو تێیدا ئاماژە بەوە كراوە، سۆران عومەر سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمار كراوە لە بنكەی پۆلیسی خانەقا بەپێی ماددەی 433 لە یاسای سزادانی عێراق.

لەبارەی شوێن‌و ناونیشانی ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵ، لە یاداشتەكەدا ئەوە هاتووە كە لە هەولێر لە نازستی‌و لە سلێمانی لە قەیوان ستی یەك نیشتەجێیە.

ماددەی 433 لە یاسای سزادانی عێراقی تایبەتە بە تەشهیرو ناوزڕاندن.

فەرمانی دەستگیركردنی سۆران عومەر لە كاتێكدایە پرسی پارێزبەندیی سەر ئەو پەرلەمانتارە مشتومڕی لەسەرە، هەرچەندە سەرۆكی پەرلەمان سوورە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندییەكە، بەڵام جێگری سەرۆك‌و سكرتێری پەرلەمان سوورن لەسەرئەوەی ئەو پەرلەمانتارە پارێزبەندیی لەسەر هەڵگیراوە، هاوكات بڕیاری سەرۆكی پەرلەمان لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی هەڵگرتنی پارێزبەندییەكە لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقایعی كوردستان) بڵاو نەكرایەوە تا كاری پێبكرێت.

پێش دەرچوونی فەرمانی دەستگیركردنەكە، دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر داوای لە سۆران عومەر كرد لەبەردەم بنكەی پۆلیس ئامادەبێت، ئەو پەرلەمانتارە ئامادەی بەدەمەوەچوونی داواكەی دادگا نەبوو و ئاماژەی بەوە كرد بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندییەكەی هەڵوەشاوەتەوە، بۆئەوەش داوای لە سەرۆكی پەرلەمان كرد وەڵامی دادگا بداتەوە.

لە وەڵامدا نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان ڕایگەیاند، بابەتی ئاگادار كردنەوەی سۆران عومەر لەلایەن دیوانی سەرۆكایەتی پەرلەمان، "بابەتێكی تەواو ئیداری و ڕێكاریە، پەیوەندی بە ناوەڕۆكی بڕیارەكەی ئێمەوە نیە".

لەبارەی جێبەجێ كردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەڵگرتنی پارێزبەندییەكە، نووسینگەی ڕێواز فایەق دەڵێت "ڕاستەوخۆ دوای بڵاو بوونەوەی بڕیارەكەمان لە ڕۆژنامەی فەرمی وەقایعی كوردستان ئاڕاستەی هەردوو دادگای تێهەڵچونەوەی هەولێر و سلێمانی دەكەین بۆ جێ بەجێ كردنی"، بەڵام دواتر وەزیری دادی هەرێم وەڵامی سەرۆكی پەرلەمانی دایەوە كە بڕیارەكەی لە ڕۆژنامەی فەرمی وەقایعی كوردستان بڵاو ناكرێتەوەو بە "نەبوو" لەقەڵەمیدا.

لەگەڵ سووربوون لەسەر هەڵوێستەكەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵگرتنی پارێزبەندییەكە، نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت، بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندییەكەو بڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵگرتنی پارێزبەندییەكە‌و ئەو ناكۆكییانەی لەوبارەیەوە هەن دەبێت بە ڕێكاری یاسایی خۆیدا بڕوات، "پێمان وایە بابەتی ناكۆكی و یەكلایی كردنەوەی سیفەتی ئیلزامی بڕیاری ژمارە (4) ی ساڵی 2020 و هەڵوەشاندنەوەكەی دەبێت بە ڕێكاری یاسایی و ئیجرائی خۆیدا بڕوات و چیتر پەرلەمان و سەرۆكی پەرلەمان بەم بابەتەوە سەرقاڵ نەكرێت".

پەرلەمانی كوردستان لە 7-5-2020 بە سەرۆكایەتی هێمن هەورامی هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر چوار پەرلەمانتار خستە دەنگدانەوە، ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی تەنها 3 پەرلەمانتار لەگەڵ ئەوەدا بوون پارێزبەندیی لەسەر هەڵبگیرێت، عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان 4 پەرلەمانتارو شیرین ئەمین پەرلەمانتاری گۆڕان بەهەمانشێوە 4 پەرلەمانتار، بەڵام سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی 57 پەرلەمانتار دەستیان بۆ بەرزكردەوەو پارێزبەندیی لەسەر هەڵگیرا.